ئایا هه‌موو دانیشتووانی گۆی زه‌وی تووشی كۆرۆنا ده‌بن؟

بەرەنگاربوونەوەی شتێک کە ھەر ڕوودەدات چ مانایەکی ھەیە؟

K24 - هه‌ولێر:

زاناکان لەو بڕوایەدان، ڤایرۆسی 2 SARS-COV 20-60% خەڵکی گۆی زەوی تووشی نەخۆشی COVID-19 دەکات، ئەگەر بەم شێوازەی ئێستای بڵاو ببێتەوە.. ئەمە مانای ئەوەیە سەدان ملیۆن کەس تووش دەبێت. ھەندێک کەس لەوانەیە بێ تاقەت بن لەو داتا و ئامارانە. لە کاتێکدا تا ئێستا ھیچ چارەسەرییەک نییە و ھیچ پێکوتەیەکیش تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر دكتۆر كارزان محه‌مه‌د، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەددین، پسپۆری زانستی مایكرۆبایۆلۆژی پزیشكی، بە پشتبەستن بە سەرچاوەی زانستی و ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كان، وه‌ڵامی چەند پرسیارێكی پێویست ده‌داته‌وه‌.

پرسیار ئەوەیە: بەرەنگاربوونەوەی شتێک، کە ھەر ڕوودەدات چ مانایەکی ھەیە؟  بۆچی لێ ناگەڕێین ڤایرۆسەکە سووڕی خۆی تەواو بکات و خەڵکەکە رزگاری ببێت؟

دەزگا تەندروستییەکان لە ھەوڵی ئەوەدان گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیكه‌ بۆ کەمترین ئاست کەمبکەنەوە، ئامانجیش دابەزینی کێرڤی تووشبوونە.

کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون بۆ ئەوەی کاتی پێ بچێت و بە خێرایی خەڵك تووش نەبێت. بەڵێ ئەمە ماوەی ھەبوونی پەتایەکە لە جیھان درێژ دەکاتەوە، بەڵام ئەمە کاتی زێڕین دەداتە بەرپرسانی تەندروستی و ژێرخانی تەندروستی تا مامەڵەی دروست لەگەڵ کەیسەکان بکەن، بەمەش مردن بەھۆی ڤایرۆسەکە کەمدەبێتەوە «تۆ کاتێک 10 نەخۆشت ھەبێت باشتر ئاگاداریان دەبیت، لەوەی 1000 نەخۆشت ھەبێت».

ھەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە تووشبوون جیا لەوەی پشکنین و دڵنیابوون لە نەخۆشیەکە فریایان ناکەوێت، جیا لەوەی کارمەندانی تەندروستی ژمارەیان بەشی ئەو ھەزارەھایە ناکات. ئەو کارمەندانەش ھیلاك دەبن و ئەوانیش نەخۆش دەبن، جاری وا ھەیە لەبەر بەرکەوتن ناچارن خۆیان کەرەنتین بکەن و نەتوانن ھیچ خزمەتێك بکەن.

ھەروەھا ھەبوونی تووشبوویەکی زۆر، مانای نەمانی شوێن و قەرەوێلە و ئۆکسجینە، چونکە لە ماوەیەکی کەم دا خەڵکێکی زۆر پێویستی پێی دەبێت. بەمەش وەکو لە ئیتاڵیا ڕوویداوە، ئێستا داوا دەکەن تەنھا گەنجەکان داخل بکرێن و خزمەتگوزاریی تەندرووستیان پێ بدرێت لەبەر نەبوونی توانا و ژێرخان بۆ ھەزارەھا نەخۆش.

بۆیە، بەڵێ ئەگەر بڕیارە ھەموو کەسێک لەسەر زەوی دەبێ تووشبێت،  زۆر گرنگە ھەمووی لە یەك ھەفتە نەبێت.

کەواتە خەڵک چی بکات بۆ ئەوەی ئەو کێرڤە دابەزێت بۆ ئەوەی ژمارەی تووشبوان کەمببێتەوە؟

دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی social distancing

دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵخی، تێکەڵنەبوون، ھێشتنەوەی ماوەی نێوان خۆت و بەرامبەرت بە 2 مەتر.

ئەودوورکەوتنەوە کۆمەڵایەتییە، مانای گۆڕینی ستایلی ژیانته‌ له‌ شێوازی بەریەککەوتن و پەیوەندی کردنت لەگەڵ خەڵك و قەدەغەکردنی ئیڤێنتی گەورە، سەفەرنەکردن تەنھا لە حاڵەتی زۆر پێویست نەبێ، نەھێشتنی کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانس.

دەکرێ پەروەردە و فێرکردن بۆ ماوەیەك بە شێوەی ئۆنلاین بێت، ھەروەکو چۆن ئێستا ھەندێك ناوەندی خوێندن لە دونیا پەیڕەوی دەکات بە Distance Learning فێرکردنی دووربە دوور.

ئەم کەرەنتینکردنە کۆمەڵایەتییە، بە دڵنیاییەوە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر ئابووری، بەڵام بۆ ئەوەی تەندروستی کاتی خۆی ھەبێت و فریا بکەوێت، پێویستە ئەو ھەنگاوە بنرێت و دەکرێت کاریگەرییەکان دیراسە بکرێت و ھەوڵبدرێت بە کەمترین بەرکەوتە، ئابووری بژیێننەوە.

کۆڤید-19 و نەخۆشی سارس2، ئێستا پەتایەکی جیھانی و سەرتاسەریە، زانا و پزیشك و ناوەندەکانی پەیوەندیدار، سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری و داتا و لێکۆڵینەوەکانن تاوەکو شاکاری بەرەنگاربوونەوە ڕوون بێت.

بۆیە ئێستا ئەوەی باشترین شتە خەڵك بیکات، گوێگرتنە لە کەس و لایەنە تایبەتەکانی ئەو بوارە و پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکانی تەندروستییە.

ئێمە دەستەوەستان ناوەستین لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید-19. خەڵکیش دەتوانێت ھاوکار بێت بە رێگریکردن لە تەشەنە و بڵاوبوونەوەی خێرای تاوەکو توانا تەندروستییەکان نەبەزێنێت و لە کۆنترۆڵ دەرچێت. ئەمەش کاتییە تا لەو قەیرانە دەرباز دەبین.