پۆلیسی سلێمانی کەسێکی دەستگیرکرد لە قەتەر گەڕابووەوە

خۆی بە تیمە تەندروستییەکان نەناساندووە

K24 – هه‌ولێر:

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕزگاری کەسێکیان ڕادەستی بنکەی تەندروستی عەلی ناجی تایبەت بەکۆرۆنا کرد کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەوڵاتی قەتەر گەڕابوەوەو خۆی بەتیمە تەندروستییەکان نەناساندبو.

لە راگەیەندراوەکە هاتووە، پاش ئەوەی لەلایەن ھەواڵدەرێکەوە زانیاری بەھێزەکانی پۆلیس گەیشت کە ھاوڵاتییەکی دانیشتوی شاری سلێمانی بەناوی (س، م، أ) لەدایکبوی 1970 لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوەو خۆی بەتیمە تەندروستییەکان نەناساندووە، ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردو توانرا شوێنی نیشتەجێبونی کەسەکە لەیەکێک لەگەڕەکەکانی شاری سلێمانی دەستنیشان بکرێت.

ئاشکراشکراوە، دواتر لەلێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت ئەو ھاوڵاتییە ڕۆژی 12/03/2020 لەوڵاتی قەتەر گەڕاوەتەوەو خۆی بەتیمە تەندروستییەکان نەناساندووە، ئەمڕۆ 16/03/2020 کەسەکە لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕزگارییەوە ڕادەستی بنکەی تەندروستی عەلی ناجی تایبەت بەکۆرۆنا کرا.

پۆلیسی سلێمانی داوا دەکات، زانیارییان هەیە لەسەر هەركەسێك كە لەوڵاتی ئێرانەوە گەڕاونەتەوەو خۆیان بەتیمە تەندروستییەكان نەناساندووە، پەیوەندی بەهێڵە گەرمەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بكەن بەژمارە :

104 بەشی پۆلیسی فریاكەوتن

105 بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان