ھاتووچۆ لەنێوان قەزاكانی سنووری ھەولێر و سلێمانی راگیرا
رێگە بە كۆبوونەوەی ھاووڵاتیان نادرێت
K24 – ھەولێر
ئەمڕۆ بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ قەدەغەكردنی ھاتووچۆ، لەنێوان قەزاكانی سنووری پارێزگاكانی ھەولێر و سلێمانی چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
تەیفور محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "لە كاتژمێر 12ی شەوی رابردووەوە بڕیاری حكوومەتی ھەرێم بۆ قەدەغەكردنی ھاتووچۆ لەنێوان قەزاكان، چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ھەروەھا لەناو شاردا نیمچە قەدەغەیەك لە ناو قەزا و ناحییەكان راگەیەندراوە، لە بازاڕی سۆران تەنھا ئەو دوكانانە كراوەن، كە پێداویستی رۆژانە دەفرۆشن".
گوتیشی: "ھێزە ئەمنییەكان لە ناو بازاڕ چاودێری ھاووڵاتییان دەكەن، بۆ ئەوەی لە شوێنە گشتییەكان كۆنەبنەوە".
پەیامنێرمان لە دەڤەری سۆران ئاماژەی بەوەشكرد: "ئێستا ھاتووچۆ لە نێوان قەزاكانی رواندز، سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر، راگیراوە و ھاووڵاتییان ناتوانن ھاتووچۆ بكەن".