بە بڕیاری مەسرور بارزانی بودجەیەكی دیكە بۆ فریاگوزاری خێرا تەرخانكرا
"تائێستا 35 حاڵەتی تووشبوو بە كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان تۆمار كراون"
K24 - ھەولێر
وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، بۆ دووەمین جار بە بڕیاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بودجەیەكی دیكە بۆ فریاگوزاری خێرا تەرخانكرا.
راشیگەیاند، تائێستا 35 حاڵەتی تووشبوو بە كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان ھەیە، یەكێك گیانی لەدەستداوە و ئەوانی دیكە باری تەندروستییان جێگیرە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دھۆك رایگەیاند: "تائێستا 35 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان ھەیە، كەسێك گیانی لەدەستداوە و ئەوانی دیكە باری تەندروستییان جێگیرە".
گوتیشی: "دوێنێ بۆ دووەمین جار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە تەرخانكردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ فریاگوزاری خێرا".
وەزیری تەندروستی، راشیگەیاند: "بە پاڵپشتی سەرۆك وەزیران زۆربەی ئامێرە پێویستەكانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان دابینكراون".
ئاماژەی بەوەشكرد: "لە چەند رۆژی داھاتوودا چەند تووشبووێك رەوانەی ماڵەوە دەكرێنەوە، بەڵام ئێمە پەلە ناكەین لە ناردنەوەی تووشبووانی كۆرۆنا بۆ ماڵەوە و بەپێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیھانی مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەكان دەكەین".
د. سامان بەرزنجی، جەختیكردەوە: "تائێستا ھیچ حاڵەتێكی تووشبوو بە كۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دھۆك تۆمار نەكراوە".
ئاشكراشی كرد: "لە دوایین كۆبوونەوەمان لەگەڵ لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنای عێراق، وەزیری تەندروستی عێراق ئەو راسپاردەیەی جێگیركرد، كە پارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە جێبەجێ نەكراوە".