ڤایرۆسی كۆرۆنا چۆن كار ده‌كات؟ پێكوته‌كه‌ی چۆن له‌ دژی ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌جه‌نگێت؟

ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و ڤاكسینه‌ی دژی ڤایرۆسه‌كه‌ درووستكراوه‌ بخوێنه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

پێکوتە (ڤاکسین)ی mRNA-1273

ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوازێك کار دەکات، کاتێك دەچێتە ناو لەشی مرۆڤ، کارگەی خانەکانی رووکەشی دەم و لووت و بۆڕییەکانی ھەناسە بەکاردێنێت بۆ دروستکردنی پارچەکانی خۆی. ئەو ترشە RNAیەی کە ھەیەتی، بەکاری دێنێت تا کۆپی دیكه‌ لە خۆی دروست بکات و دواتر لە خانەکە بێتە دەرەوە و بچێتە خانەکانی دیكه‌ی ھەمان نەخۆش، یاخود لەگەڵ پژمین و کۆکە و دڵۆپەکانی لیك، خانەکانی کەسێکی دیكه‌ داگیر بکات.

ئەو بەشە پرۆتینیەی کە وەکو دڕکە پرۆتین بە چوار دەوری ڤایرۆسەکەدا ھەیە spikes، بەکاردێت بۆ خۆ نووساندن بە خانەکانی مرۆڤ، ئەو وەرگرانەی خانەکانی مرۆڤ ھەیانە، رێگه‌ی پێوەنووسان و چوونە ژوورەوەی ڤایرۆس، یاخود RNAیەکەی ئاسان دەکەن.

لە دروستکردنی ڤاکسینی نوێدا، زانایان ھەمان میکانیزمی ڤایرۆسەکەیان بەکارھێناوە، ئەوان پارچە نێردراوێکی mRNA دەنێرنە لەشی خۆبەخشەکان، تاکو بچێتە ناو خانەکانی مرۆڤ، بەڵام ئەمجارە ڤایرۆس دروست ناکات، تەنھا ئەو بەشە دەنێرێت، کە دڕکە پرۆتینەکان دروست دەکات. بەمەش خانەکانی خۆبەخشەکان ھەڵدەستن بە دروستکردنی بڕێکی زۆری دڕکەپرۆتین. ئەم دڕکە پرۆتینانە چاوەڕوان دەکرێ، نەخۆشیەکی قورس دروست نەکەن، چونکە توانای چوونە ناو خانەیان نییە، تەنھا بۆ ھاندانی بەرگریە، کە دواتر بەرگری لەش دژیان دەوەستێتەوە و دژەتەن و خانەی تایبەتیان بۆ دروست دەکات. بەمەش لەکاتێک ئەگەر ڤایرۆسەکە ھاتە لەشی مرۆڤەکانەوە، بەرگری لەش دڕکەکانیان دەناسێتەوە و نایەڵێت بە خانەکانەوە بنووسێن و دژە تەنەکان دەیانگرن و نەخۆشی دروست نابێت.

گرنگی ئەو ڤاکسینەی ئێستا لەوەدایە، کە ڤایرۆسەکە نانێرێتە لەشی مرۆڤ، چونکە زۆربەی ڤاکسینەکانی پێشتر ڤایرۆسی لاوازكراویان بەکارھێناوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت نەخۆشی دروست نەکات، لە کاتی کوتان.

ڤاکسینی mRNA-1273 لەلایەن کۆمپانیای مۆدێرنا و پەیمانگەی نەتەوەیی تەندروستی ئەمریکی، بەم میکانیزمەی سەرەوە بۆ یەکەمجار تاقیکرایەوە لەسەر یەکەم خۆبەخش لە پەیمانگەی توێژینەوەکانی واشینتۆن لە شاری سیاتل. چاوەڕوان دەکرا دوومانگ تاقیکردنەوەی لەسەر بکەن، پێش ئەوەی لەسەر مرۆڤ بەکاری بهێنن، به‌ڵام لەبەر ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خێراییەکی زۆر بڵاوبووەوە، بە تایبەت لە ئەمریکا، پێویستیەکە وایکرد، خێراتر کار بکەن و چەند ھەنگاوێك باز بدەن بۆ ئەوەی زووتر دەستەبەر بێت بۆ مرۆڤایەتی.

جێنیفەر ھالەر، تەمەن 43 ساڵ و دایکی 2 منداڵ، یەکەم کەس بوو کە ڤاکسینەکەی لە سه‌ر تاقیكرایه‌وه‌ و دوای ئەویش لە دوو دۆزی جیاوازدا 45 خۆبەخش، کە نێوانی ھەر جارێك مانگێکە لە تاقیکردنەوەکەدا بەشدار دەبن.

پرۆفیسۆر ئەنتۆنی فۆوسی لە پەیمانگەی تەندروستی نیشتمانی ئەمریکا دەڵێت: "ھەرچەندە ئەگەر توێژینەوەکان بە باش و خێرایش بڕوات، ڤاکسین دروستکردن بەو راددەیەی کە بە شێوازێکی بەربڵاو دابەشبکرێت، پێویستی بە ساڵێك ھەیە".

 

/resources/files/2020/03/Corona-Virus-Vaccine(2).jpg

/resources/files/2020/03/Corona-Virus-Vaccine(3).jpg

پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر، دكتۆر كارزان محه‌مه‌د، پسپۆڕی زانستی مایكرۆبایۆلۆژی پزیشكی و به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین - هه‌ولێر