كۆرۆنا زیانی گەورە بە جلوبەرگی توركی دەگەیەنێت

ئاستی ھەناردەكان جلوبەرگ بۆ ئەوروپا دابەزینی بەرچاوی تۆماركردووە

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی یەكێتی ھەناردەكارانی جلوبەرگی ئامادەكراو لە توركیا، كەرتی جلوبەرگ لە توركیا بەرێژەی 15% زیان تۆمار دەكات و ئاستی ھەناردەكان جلوبەرگ بۆ ئەوروپا دابەزینی بەرچاوی تۆماركردووە، چونكە فرۆشی لە وڵاتانی ئەوروپا بەھۆی تەشەنەسەندی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، وەستاوە.

یەكێتییەكە ئاماژەی  بەوەشداوە، 70%ی ھەناردەی توركیا لە جلوبەرگی ئامادەكراو دەچێتە بازاڕی ئەوروپا. خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەوروپا بووە ھۆكار كە ئەو كەرتە لە توركیا بەرێژەی 15% زیان تۆماربكات. پێشبینی دەكرێت زیانی زیاتریش تۆماربكات، چونكە داواكارییەكی زۆری ئامادەكرابوو كە بەرەو ئەوروپا بنێردرێت، بەڵام بەھۆی ئەم دۆخەوە ھەڵوەشایەوە و ئەوەش قەیرانێكی دارایی نوێ بۆ ھەناردەكارانی ئەو كەرتە دروستدەكات.