ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق بەرامبەر خۆپێشاندەران پێیان نەكرا كۆرۆنا كردی
سەرجەم چاڵاكییەكانیان راگرت

K24- هەولێر:
لە بەیاننامەیەكدا خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لە شاری بەغدا رایانگەیاند، هەموو چالاكییەكانیان لە گۆڕەپانەكە رادەگرن، تا ئەو كاتەی مەترسییەكانی كۆرۆنا دەڕەوێنەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، "ئێمە لە سەرەتای مانگی تشرین بۆ گۆڕینی ئەو سیستمە سیاسییە هاتینە دەرەوە، كە پڕە لە گەندەڵی و هەڵە و كارەساتی ژێرخانی"، ئاماژەیان بەوەشداوە، "ئەو سیستەمەی ماوەی زیاتر لە 15 ساڵ بەردەوام بوو، لەڕووی دیپلۆماسی، ئەمنی و تەندروستییەوە سیستمێكی شكستخواردوو بوو، ئێستاش ئەوە پشتڕاستكراوەتەوە، كە تاكە رێگە لەبەردەم عێراقییەكان گۆڕانكارییەكی سەرانسەرییە لە رێگەی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە و بەشدارییەكی فراوانی گەل لەژێر سایەی یاسایێكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە".
بەیاننامەكە ئاماژە بەوەش دەدات، "ئەم سیستمە لە رێگەی رێكارەكانی روبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە شكستی خۆی بەتەواوەتی سەلماندووە، بە تایبەت كە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە حكومەت نەیتوانیوە تا ئێستا كۆنترۆڵی سنوورەكانی بكات و فڕۆكەخانەكانی بە تەواوەتی دابخات، بەتایبەت لەگەڵ ئێران، كە سەرچاوەی هەناردەكردنی ئەو ڤایرۆسەیە لە ناوچەكە".
هەروەها هاتووە، "تا ئێستا لایەنەكان نەیانتوانیوە لەسەر كەسایەتیەك بۆ شوێنگرەوەی عادل عەبدولمەهدی بگەنە رێكەوتن".
خۆپیشاندەرانی تەحریر رایانگەیاند، "لەسەر بنەمای هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی ژیرانەی هۆشیار و لە روانگەی بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و ئەخلاقییەوە، هەڵپەساردنی بەشێك لە بوونی خۆمان لە گۆڕەپانی تەحریر رادەگەیەنین، بەشێوەیەك كە گردبوونەوەی فراوان و تەواوی چالاكییەكانمان لە گۆڕەپانەكە رادەگرین، تا ئەو كاتەی مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنا دەڕەوێنەوە".
بەیاننامەكە دووپاتیش دەكاتەوە، "لە بری ئەوە هەندێك تیمی گەڕۆك پێكدهێنین، كە ئەركەكەیان پاككردنەوە و تەعقیم كردنی سەرجەم رێگە و شوێنەكانی ناو گۆڕەپانی تەحریر و دەرەوەی گۆڕەپانەكە دەبێت".
خۆپیشاندەران داواشیان لە خەڵكی عێراق كرد، "پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی بن، تا ئەو كاتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا قەڵاچۆ دەكرێت و چارەسەرێك بۆ ئەو پەتایە دەدۆزرێتەوە".
H.B