بەیاننامەیەك لە پارێزگای هەڵەبجەوە

ژمارەیەك بڕیار و رێنمایی نوێ دەردەكات

K24- هەڵەبجە:

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ژووری رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەڵەبجە بە سەرپەرشتی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵبجە بەڕێوەچوو، دوای كۆبوونەوەكەش لە بەیاننامەیەكدا پارێزگای ئەو شارە گرنگترین ئەو بڕیارانەی خستەڕوو، كە لە كۆبوونەوەكەدا دران.

دەقی بەیاننامەی پارێزگای هەڵەبجە:

لەدیوانی پارێزگاوە بو جێ بەجێ کردن:

بەسەرپەرشتی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ژووری ڕووبەرووبونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنا، ژوورەکە کۆبوونەوە و بڕیار و رێنمایی و راسپاردەکانی پارێزگای هەڵەبجە، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (١٧/٣/٢٠٢٠ )ـدا پەسەند کران.

لەبەر رۆشنایی رێنماییەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و بۆ زیاتر پاراستنی تەندروستی کۆمەڵانی خەڵك و هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە، بۆ هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، لیژنەی ئۆپەراسیۆنی پارێزگا ئەم بڕیار و رێنمایی و راسپاردانەی خوارەوەی پەسەند کرد:

١ – بڕیاردرا بە درێژ کردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە، واتە لە کاتژمێر ١٢ی شەوی ١٧-١٨/٣/٢٠٢٠  تا کاتی دیاری کراو .

٢ – سەرجەم سەمونخانە و نانەواخانە و دەرمانخانەکان بە پێی ڕێنماییە تەندروستییەکان کراوە دەبن .

٣ – دوکانی سەوزە و میوەکان دەتوانن بە هۆکارەکانی گواستنەوەی وەك (عەرەبانە و پیکاب و ... هتد ) بە کۆڵانەکانی ناو شاردا و دوور لە شەقامە سەرەکییەکان، سەوزە و میوە بفرۆشن .

٤ – دوکانی گۆشت فرۆشەکان تەنھا رۆژی18/3/2020 لە کاتژمێر 6:00ی بەیانی تا 11ی نیوەرۆ دەکرێنەوە لە ژێر چاودێری لیژنە ھاوبەشەکانی قائمقاميەت و پێویستە ھاولاتیان لەو کاتەی دیاری کراوە پیداویستیەکانیان بکڕن، چونکە دوای ئەو بەروارە دادەخرێت، بە رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە :

آ-  بە هیچ شێوەیەك قەرەباڵغی رێگەپێدراو نیە .

ب- لە کاتی وەستان و سەرەدا، دەبێت نێوان کڕیارەکان لە ٢ مەتر کەمتر نەبێت .

ج- پێویستە رەچاوی سەرجەم رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت، کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری و لیژنەکان دەردەچێت، وەك بەکارهێنانی دەمامك و دەستکێش و بە بەردەوامی مەوادی پاکژکردنەوە بەکار بهێنن .

د- کڕیارەکان بە هیچ شێوەیەك بواری چوونە ناو دوکانی گۆشت فرۆشەکانیان نیە و دەبێت شریتی قردێلەیی دابنرێت بۆ جیاکردنەوەیان .

هـ- هەر دوکانێك پێویستە کەسێکی تایبەت، بۆ وەرگرتن و ژماردنی پارە لە کڕیارەکان دابنێت .

و- بە پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانەوە، دوکانەکانیان دادەخرێن و ڕووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەکرێنەوە .

٥ – سەرجەم هەفتە بازاڕەکانی ناو شاری هەڵەبجە جگە ئەوانەی ناو بازاڕ، کراوە دەبن، لەژێر چاودێری لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەت بە رەچاوکردنی سەرجەم رێکارە تەندروستییەکان و ئەم رێنماییانەی خوارەوە:

آ- قەرەباڵغی ڕێگەپێنەدراوە .

ب- لە کاتی وەستاندا نێوان کڕیارەکان ٢مەتر کەمتر نەبێت .

ج- پێویستە رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت ، لە بەکارهێنانی دەمامك و دەستکێش و مەوادی پاکژ کردنەوە .

د- لە هەفتەبازاڕەکاندا ژمارەی کاشێرەکان پێویستە زیاد بکرێت، بۆ خێراکردن و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی .

هـ- بە پێچەوانەی ئەم رێنماییانەوە، هەفتەبازاڕەکانیان دادەخرێت و رووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەکرێنەوە .

داواکارین خاوەن هەفتە بازاڕەکان هاوکاری کڕیارەکان بە پێدانی دەمامك و دەستکێش بکەن.

٦ - بە پێی بەیانی ژمارە ( ١٩ )ی ساڵی ٢٠٢٠ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ بە هەموو شێوەیەك بۆ هەفتەبازاڕ و شوێنە رێگەپێدراوەکان قەدەغەیە و رووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەبنەوە .

تێبینی: لە کاتی دەرچوونی هەر بەیان و بڕیارێك، کە لە وەزارەتی ناوخۆ دەدرێت، ئەوا ئەو بڕیارە دەبێتە بڕیاری فەرمی .

ئازاد تۆفیق رەحیم

پارێزگاری هەڵەبجە

١٧/٣/٢٠٢٠

H.B