روونکردنەوەیەک لە تەندروستی سلێمانیەوە لەبارەی کلینکی عەلی ناجی

تایبەتە بە کۆرۆنا

K24- سلێمانی:

تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، کلینکی عەلی ناجی تایبەت بە کۆرۆنا، سێ هەزار و 207 سەردانکەری هەبووە و هەزار و 54 کەس لەوێ پشکنیان بۆ کراوە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی پكشنینی كۆرۆنا و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیانی سلێمانی و دەوروبەری، لەسەر بڕیاری د.سەباح نەسرەدین بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەماوەی 72 كاتژمێردا لە رێكەوتی 2-3-2020 كلینكی عەلی ناجی تایبەت بەكۆرۆنا كرایەوە و لە 4-3 یەكەم نەخۆش لەو كلینكە بینرا.

لە راگەیەندراوێکدا هاتووە، لەكلینكی عەلی ناجی تایبەت بە كۆرۆنا پشكنین بۆ سەرجەم هاووڵاتیان دەكرێت، بە تایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە، لەگەڵ ئەو كەسانەی گومانی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لێدەكرێت و لە ماوەی پانزدە رۆژی رابردوودا 3207 كەس سەردانی ئەو كلینكەیان كردووە و 1054 نموونە وەرگیراوە و پشكنینان بۆ كراوە.

ئاماژە بەوەش دەکات، ستاف و كارمەندانی كلینكی عەلی ناجی تایبەت بە كۆرۆنا بەو پەڕی هەستكردن بە لێپرسراوێتی و بێ هەستكردن بەماندوێتی رۆژانە لەكاتژمێر 8ی بەیانی تاوەكو 12ی شەو و بەردەوام لە رۆژانی هەینی و پشووەكاندا، كار دەكەن.