سندووقی بەخشین بۆ پاڵپشتی ھەڵمەتی دژی کۆڕۆنا لە سۆران پێشنیاز دەكرێت
قایمقامی سۆران داوا لە ھاووڵاتییان دەكات بەشداری بكەن
K24 - ھەولێر
قایمقامی سۆران سندوقێکی بەخشین بۆ پاڵپشتی ھەڵمەتی دژی کۆڕۆنا پێشنیاز دەكات و داوا لە دانیشتووانی دەڤەرەكە دەكات بەشداری بكەن.
كرمانج عزەت، قائیمقامی سۆران لە راگەیەندراوێكدا نووسیویەتی: "پێشنیار دەکەم سندووقێکی بەخشین بۆ پاڵپشتی ھەڵمەتی دژی کۆڕۆنا رابگەیەنین، ئەگەر پێتان وایە پێویستە، تکایە وەرنە مەیدان و با ھەموومان بۆ شارەکەمان، خێزانەکانمان، ئایندەمان دەست لە ناو دەست، بە خۆمان خۆمان رزگار بکەین. بۆ ئەو مەبەستە ھەرچی ئامادەیە پەیوەندی بە ژووری عملیاتی سۆران بکەن".
راشیگەیاند: "تائێستا دەڤەری سۆران لە ھەموو گومانێکی ھەبوونی ڤایرۆسەکە سەلامەتە و 90% خەڵکی سۆران پابەندی رێنماییەکانی تەندروستین. ھەستی ھاوکاری خەڵک فراوان دەبێت، ھاووڵاتییەک خانوویەکی پێشکەش کردووە بۆ ھەرچی پێویست بێت، بەنزینخانەیەک بڕێکی زۆری بەنزین، رێکخراوی خێرخوازی بارزانی، لەو 72 کاتژمێرە، خواردن بۆ ھێزە ئێشکگرەکانی ئەمنی شار ئامادە دەکات. دەیان تەلفۆنم بۆ ھاتووە بۆ بەشداری ماددی خواپێداوانی شارەکەمان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ھاتوونە مەیدان".