سۆران.. 5 رۆژی داهاتوو رێكارەكانی خۆپارێزی توندتر دەكرێن

چەند بڕیارێك دەركران

K24- سۆران:

لە راگەیەندراوێكدا ژووری ئۆپەراسیۆرنەكانی سۆران تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رێكاری نوێی بۆ 5 رۆژی داهاتوو بڵاوكردەوە و دووپاتی كردەوە، جگە لە هێزە ئەمنییەكان، تیمی تەندروستی و راگەیاندن رێگە بە هیچ كەسێك نادرێت لە ماڵەوە بێتە دەرەوە و، چەند ژمارەیەكیش وەك هێڵی گەرم بۆ حاڵەتە لەناكاوەكان دەخاتە بەردەستی دانیشتوانی سنوورەكە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

پێنج ڕۆژی نوێی خۆپارێزی

ھاونیشتمانیانی شاری سۆران و دەڤەرەکە

ھەڕەشەکانی ڤایڕۆسی کۆڕۆنا، وا دەخوازێت ئەو 5 ڕۆژە لە ماڵ بمێنینەوە، بۆیە لە سبەینێ 19/3 پێنج شەممە، ھێزە ئەمنییەكان و لیژنەی تەندروستی و ئابووری بە سەرپەرشتی ژووری عملیاتی سۆران بۆ جێ بە جێ کردنی بڕیارەکانی حکومەتی ھەرێم و پارێزگای ھەولێر دەست بەکار دەبن. بۆ ئەم مەبەستە لە کۆبونەوەی لیژنەی باڵای سۆرانی ڕووبەڕوو بونەوەی کۆڕۆنا ئەمڕۆ لە ژووری عملیات ئەم بڕیارانە دران:-

1- قەدەغەی ھاتوچۆی  ناچاری لە 100%‏ لە سەنتەری شاری سۆران و ناحیە و گوندەکان جێ بە جێ دەکرێت، ھیچ جوڵەیەك نابێت بە تایبەت بە ئوتومبێل، جگە لە ڕێپێدراوەکان لە ھێزی ئەمنی و تەندروستی و ڕاگەیاندن. ھەر ئوتومبێلێك سەرپێچی بکات بۆ جاری یەکەم 100 ھەزار غەرامەی ھەیە و بۆ جاری دووەم دەستی بەسەر ئۆتۆمبیلەكەیدا دەگیرێ جگە لە غەڕامەی سێ بارە .

2- لە کاتژمێر 12ی شەو تا 5ی بەیانی جوڵەی ئوتومبێل بۆ پێداویستی پێویست لە ناو شار و دەرەوەی شار ئازادە .

3- تیمێکی تەندروستی، لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران بە بەردەوامی لە چاوەڕوانیدا دەبێت بۆ بە هاناوە چوونی ھەر پێویستیەکی نەخۆش لە ناو ماڵەکانیاندا، ژمارەی تیمەکە ڕادەگەیەنین، کە جگە لە کارمەندانی خۆمان، پسپۆری بیانیشی لەگەڵ دەبێ .

4- ئەو شوێنانەی ڕێگە پێدراو بوون بۆ پێداویستی خەڵك لە بازاڕ، ھەروا ڕێگە پێدراو دەمێننەوە.

تکایە ئێمە لە سەرکەوتن بەسەر کۆڕۆنا پێکەوە زۆر نزیکین، ھاوکار بن با ھەر بە بەھێزی ڕزگارمان بێت. خودای گەورە ھاروکارمان دەبێت، کاتێ خۆمان ھاروکاری یەکتر بین .

ئەمانە ژمارەی تیمی تەندروستین

07504975852 بێستون

07503974800 بەرهەم

ھەروەھا ژووری عملیاتی سۆران

07503603534

H.B