سەنتەری ئۆنڵاین سەبارەت به ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەندرا
به هاوکاریی چەند وەزارەتێک سیستەمەکه ئامادەکراوه
K24- هەولێر
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان له کۆنفرانسێکی میدیاییدا رایگەیاند: ئەولەویهتی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەندروستی و پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی هاووڵاتیانه و ئامانجی سەرەکیی حکومەت کەمترین بەرکەوتن لە نێوان هاووڵاتیانه بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی ئەم ڤایرۆسه بکرێت.
جوتیار عادل گوتی: ئەمڕۆ به هاوکاریی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی گواستنەوهو گەیاندن سەنتەری پەیوەندی بۆ هاووڵاتیان کراوەتەوه و ئەم سەنتەرەش بۆ ئامۆژگاری و رێوشوێنی پێویست و رێنمایی تەندروستییه.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای له هاووڵاتیان کرد له ماڵەوه بمێننەوه و نەورۆزەکه دوابخەن.
هەر له کۆنفڕانسه میدیاییەکەدا سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەنتەری زانیاری و هێڵه گەرمەکهی وهزارهت 24 کاتژمێرییه و گرنگرین ئامانجی سەنتەرەکه، کەمکردنەوەی رۆتینه بۆ هاووڵاتیان، به شێوهیهك كه ههموو هاووڵاتییهك دهتوانێت به ئۆنلاین دامودەزگا تەندروستییەکان وەربگرێت.
سامان بەرزنجی گوتی: هەروەها له حاڵەتی گوماناوی یان بزربوون، هاووڵاتی دەتوانێت بەبێ سەردانکردن زانیارییەکانی له رێگەی هێڵی گەرمی 122 بگەیەنێت.
وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: سوودێکی دیکەی سیستەمەکه هۆشیاریی تەندروستی و لەهەمووی گرنگتر وەرگرتنی رێنماییەکانی حکومەته سەبارەت به ڤایرۆسی کۆرۆنا.
سامان بەرزنجی ئاشکرای کرد: ئەم سیستەمه له ماوەیەکی نزیکدا دەخرێته سەر پۆرتاڵی مۆبایل.
له درێژهی کۆنفڕانسه میدیاییەکەدا سامان بەرزنجی ئاماری تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای له هەرێمی کوردستان خستەڕوو و گوتی: ژمارەی تووشبوون گەیشتووهته 40 کەس زۆرتریان لەنێوان 30 بۆ 39 ساڵانن و 19 پیاو و 21 ژنن.
وەزیری تەندروستی روونیکردەوه: 30 حاڵەتی تووشبوون له سلێمانی 9 له هەولێر 1 له دهۆکه و زۆرترین تووشبوونیش لەناو کرێکاری ماڵانن و دوای ئەوانیش قوتابین.
سامان بەرزنجی گوتی: ژمارەی چاکبوونەوه 13 حاڵەته و چەند حاڵەتێکیش له قۆناغەکانی کۆتایی چاکبوونەوه دان.