سەنتەری ئۆنڵاین سەبارەت به ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەندرا

به هاوکاریی چەند وەزارەتێک سیستەمەکه ئامادەکراوه

K24- هەولێر

جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان له کۆنفرانسێکی میدیاییدا رایگەیاند: ئەولەویه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەندروستی و پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی هاووڵاتیانه و ئامانجی سەرەکیی حکومەت کەمترین بەرکەوتن لە نێوان هاووڵاتیانه بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی ئەم ڤایرۆسه بکرێت.

جوتیار عادل گوتی: ئەمڕۆ به هاوکاریی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی گواستنەوه‌و گەیاندن سەنتەری پەیوەندی بۆ هاووڵاتیان کراوەتەوه و ئەم سەنتەرەش بۆ ئامۆژگاری و رێوشوێنی پێویست و رێنمایی تەندروستییه.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای له هاووڵاتیان کرد له ماڵەوه بمێننەوه و نەورۆزەکه دوابخەن.

هەر له کۆنفڕانسه میدیاییەکەدا سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەنتەری زانیاری و هێڵه‌ گەرمەکه‌ی وه‌زاره‌ت 24 کاتژمێرییه و گرنگرین ئامانجی سەنتەرەکه، کەمکردنەوەی رۆتینه‌ بۆ هاووڵاتیان، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌موو هاووڵاتییه‌ك ده‌توانێت به ئۆنلاین دامودەزگا تەندروستییەکان وەربگرێت.

سامان بەرزنجی گوتی: هەروەها له حاڵەتی گوماناوی یان بزربوون، هاووڵاتی دەتوانێت بەبێ سەردانکردن زانیارییەکانی له رێگەی هێڵی گەرمی 122 بگەیەنێت.

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: سوودێکی دیکەی سیستەمەکه هۆشیاریی تەندروستی و لەهەمووی گرنگتر وەرگرتنی رێنماییەکانی حکومەته‌ سەبارەت به ڤایرۆسی کۆرۆنا. 

سامان بەرزنجی ئاشکرای کرد: ئەم سیستەمه له ماوەیەکی نزیکدا دەخرێته سەر پۆرتاڵی مۆبایل. 

له درێژه‌ی کۆنفڕانسه میدیاییەکەدا سامان بەرزنجی ئاماری تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای له هەرێمی کوردستان خستەڕوو و گوتی: ژمارەی تووشبوون گەیشتووه‌ته 40 کەس زۆرتریان لەنێوان 30 بۆ 39 ساڵانن و 19  پیاو و 21 ژنن. 

وەزیری تەندروستی روونیکردەوه: 30 حاڵەتی تووشبوون له سلێمانی 9 له هەولێر 1 له دهۆکه و زۆرترین تووشبوونیش لەناو کرێکاری ماڵانن و دوای ئەوانیش قوتابین.

سامان بەرزنجی گوتی: ژمارەی چاکبوونەوه 13 حاڵەته و چەند حاڵەتێکیش له قۆناغەکانی کۆتایی چاکبوونەوه دان.