وەزیری ناوخۆ: حکومەتی هەرێم بەنیاز نییه به هیچ شێوەیەک دەست بۆ موچەی خەڵک ببات

ئامانجی سەرەکیمان بۆ دەربازکردنی قەیرانی دارایی جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازییه

K24- هەولێر

ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لەنزیکەوه ئاگاداربوون له زەرەر و زیانەکانی ئەم دواییەی لافاوەکەی پارێزگای دهۆک، سەردانی ئەم پارێزگایەی کرد و له کۆنفڕانسێکی میدیاییدا ئەنجامی سەردانەکه و چەند بابەتێکی دیکەی خستەڕوو.

له سەرەتای کۆنفڕاسەکەدا، فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆک گوتی: "سوپاسی سەرۆکی حکومەت دەکەین  به دەنگ ئێمەوه هاتن هاوکارییان کردین و هەروەها سوپاسی سەرۆکی هەرێمیش دەکەین که یەک ملیار دیناری بۆ یارمەتیی زیانلێکەوتووانی لافاوەکه تەرخان کردووه."

له بەشێکی دیکەی کۆنفڕانسه میدیاییەکەدا، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئامانجی سەردانەکی خستەڕوو و گوتی: لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی سەردانی دهۆک و زاخۆ و ئەو ناوچانەمان کرد که بەهۆی لافاوەوه زیانیان بەرکەوتووه. سەرۆکی حکومەت خۆی دەیویست سەردان بکات بەڵام لەبەر هەندێک پابەندی نەیتوانی و ئێمەی راسپارد."

رێبەر ئەحمەد سەبارەت به خۆپارێزی له کۆرۆنا داوای له خەڵک کرد، هەروەک چۆن پابەند بوون و له ماڵەوه ماونەتەوه، بەردەەوام بن و نەورۆزی خۆیان به خۆشی له ماڵەوه بەسەربەرن.

رێبەر ئەحمەد سەبارەت به رێنماییەکانی حکومەت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر له رۆژی یەکەمەوه هەموو وەزارەتەکانی راسپارد و له زۆر لایەنەوه دەستپێشخەر بوو و تەنانەت له زۆریەک له وڵاتان باشتر کاریکردووه و ئەمەش نیشانەی خەمخۆریی حکومەته بۆ خەڵکەکەی."

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم روونیکردەوه: "کۆرۆنا جگه له مەترسیی تەندروستی، لێکەوتەی ئابووریشی هەبووه، کاریگەریی لەسەر جیهان و عێراق کردووه ئەوەش کاریگەریی راستەخۆی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دانا، نرخی نەوت به شێوەیەکی زۆر دابەزیوه و وایکرد هەندێکجار بەرمیلێک نەوت له بەرمیلێک ئاو هەرزانتر بێت."

رێبەر ئەحمەد سەبارەت به کاریگەریی رێنماییەکان لەسەر داهاتی ناوخۆ گوتی: "بڕیارەکان بۆ پاراستنی خەڵک بووه و ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ئابووری و داهاتی ناوخۆ هەبووه و له خاڵه سنوورییەکان تەنانەت داهاتەکان سەدا20 تاکو سەدا 10 دابەزیوه. ئەمه بۆ نیگەران کردنی خەڵک نییه و تەنیا بۆ بەرچاوڕوونییه و حکومەت دەیهەوێت وەک پێشتر بەڵێنی دابوو، لەگەڵ خەڵک شەفاف بێت."

روونیشیکردەوه: "بارودۆخی ئابووری بەرەو خراپی دەچێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان به سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکومەت شانەی قەیرانی پێکهێناوه بۆ ئەوەی پلانێک دابنێین بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان، بابەتی کۆرۆنا وەک دیاره جگه له قەیرانی تەندروستی، قەیرانی زیاتری بەدوای خۆیداهێنا."

رێبەر ئەحمەد گوتی: "وەک دەزانن حکومەتی هەرێمی کوردستان به پلان و ستراتیژییەکی توکمه دەستی به کاری خۆی کرد و بەرچاوڕوونییەکی باشی هەبوو، بەڵام ئەم قەیرانانه هاتنەپێش و دیسانیش به پشتیوانیی خوا و خەڵکی خۆمان، ئەم قەیرانه دەرباز دەکەین."

راشیگەیاند: "هەر بۆ ئەم ئامانجه، پەله له پرۆژەی چاکسازی دەکەین بۆ ئەوەی کاریگەری و لێکەوته ئابوورییەکانی ئەم ڤایرۆسه لەسەر خۆمان کەمبکەینەوه و هەموو توانا و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ خزمەتکردنی خەڵک دەخەینەگەڕ."

رێبەر ئەحمەد روو‌نیکردەوه: "هەرچەنده داماننابوو داهاتی حکومەتی هەرێم زۆر زیاتر بکەین و تاکو دووهێنده بەرزی بکەینەوه ئەمەش دەستکەوتی حکومەت دەبوو، بەڵام دەرەنجامی ئەم ڤایرۆسه لەسەر زۆربەی سێکتەرەکان کاریگەریی خراپی هەبووه، هیوادارین ئەم ئاستەنگانه کورتخایەن بن و پێکەوه دەربازیان بکەین."

سەبارەت به هەندێک هەواڵ لەسەر راکردنی تووشبووەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا له پارێزگای دهۆک گوتی: "ئێمه وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و به فەرمانی سەرۆکی حکومەت هەر کەس سەرپێچیی رێنماییەکان بکات سزای دەدەین، هەر لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت لێژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوه له سەرپێچییەکان دروست کراوه. هەروەک چۆن پێشتریش به راستگۆیی و شەفافییەت کارمان کردووه، هەر بەمشێوەیەش بەردەوام دەبین. داوا له خەڵکی دەڤەری زاخۆ و دهۆک دەکەین نیگەران نەبن و هەموو رێکارێک دەگرینەبەر، هەر لەسەر ئەم بابەتەش چەندین کەس پشکنینیان بۆ کراوه و خۆشبەختانه نێگەتیڤ دەرچوونه و چەندین کەسی دیکەش پشکنینیان هێشتا دەرنەچووه و هیوادارین ئەوانیش نێگەتیڤ بن."

رێبەر ئەحمەد راشیگەیاند: له هەولێر رێوشوێن دروست گیراوەتەبەر، هەندێک کەمکوڕی هەبووه ئەویش لێژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکهاتووه و ئەنجامەکانی رادەگەیەنرێت."

هەروەها گوتی: "ئەمڕۆ سەرپەرشیی کۆبوونەوەیەکمان کرد به ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆک و قایمقامی شار و شارۆچکەکان و دەستخۆشی له هەموویان دەکەین که هەموو رێنماییەکانی حکومەتیان وەک خۆی جێبەجێکردووه. هەروەها سوپاسی تیمه تەندروستییەکان دەکەین که وەک پێشمەگەره گیانیان لەسەر دەستی خۆیان داناوه بۆ پاراستنی خەڵک."

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد: "هەر ئەمڕۆ لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت له نزیکەوه سەردانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ئەم دواییەی پارێزگای دهۆکمان کرد و هەرچەنده توانا مادییەکانمان وەک جاران نییه بەڵام به هەوڵی چەند کەسێکی خێرخواز و به فەرمانی سەرۆکی حکومەت بڕی 2 ملیار دینار بۆ زیانلێکەوتووان تەرخان کرا. پارەکەمان لەگەڵ خۆمان هێنابوو و رادەستی پارێزگامان کردووه و دوای لێکۆڵینەوەی ورد، رادەستی زیانلێکەوتووان دەکرێت و لێژنەیەکیش بۆ ئەم مەبەسته پێکدێت."

له بەشێکی دیکەی کۆنفڕانسه میدیاییەکەدا، رێبەر ئەحمەد باسی له دزییەکەی سۆران کرد و ئاشکرایکرد: "تاکو ئێستا 8 کەس له باندەکه دەستگیرکراون و دانیان به تاوانەکەیاندا ناوه و داننانەکان بەردەوامن تاکو هەموو لایەنەکانی تاوانەکه ئاشکرا دەکرێت و دوای لێکۆڵینەوەی کۆتایی، دەرەنجامی لێکۆڵینەوە به خەڵک رادەگەیەنین."

سەبارەت درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ، رێبەر ئەحمەد گوتی: "ئەمه دەگەڕێتەوه سەر رێنمایی وەزارەتی تەندروستی و هەرچەند ئەوان به پێویستی بزانن، درێژدەکرێتەوه، ئێمه تەندروستیی خەڵک ناکەینه قوربانیی داهاتی ناوخۆ. بڕیارێکی بەرپرسیارانەمان داوه و تەندروستیی خەڵک له ئەولەویتی ئێمەدایه."

سەبارەت به قەیرانی دارایی و مەترسی لەسەر موچەی فەرمانبەران، وەزیری ناوخۆ دڵنیایی دا: "ئەمه زۆر باس دەکرێت، ئێمه وەک حکومەتی هەرێمی کورستان هیچ نییەتێکمان نییه دەست بۆ موچەی خەڵکی خۆمان ببەین، ئێمه یاسایەکمان داوەتە پەرلەمان به ناوی یاسای چاکسازی که لێکەوتەی ئابووریی هەبووه، خەڵکی ئێمه گلەیی هەبوو سەبارەت به هەندێک نادادپەروەری، له جیاوازیی موچەوه بگره تاکو ماف و ئیمتیازات، ئەم یاسایەش بۆ ئەوەیه گلەیی خەڵک لەبەرچاو بگرین و له یاسایەکدا کۆیبکەینەوه."

زیاتر گوتی: "ئێمه ناڵێین هیچ شتێک دەبڕین، بەڵکو رێکیدەخەینەوه. بەپێی یاسا، موچه جێگیره، بەڵام هەندێک دەرماڵه و ئیمتیاز به یاسا و له دەرەوەی یاسا نادادپەروەریی تێدایه. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنیازه به لەبەرچاوگرتنی ئەم یاسایانه و ئەم نادادپەروەرییه و بەتایبەتیش ئەم بارودۆخه ئابووریی و ئاستەنگییانەی رووبەڕووی ئێمه بوونەتەوه، وامان لێدەکات یاساکه وەک خۆی جێبەجێبکەین. هیوادارین قەیرانی کۆرۆنا و لێکەوته ئابوورییەکانی زوو تێپەڕێت، بەمجۆرەش هەرچی بۆ حکومەت بگەڕێتەوه، بۆ حکومەت نییه بەڵکو بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکه."

رێبەر ئەحمەد روونیکردەوه: "له سەرەتای دەستبەکاربوون پلانی حکومەت ئەوە بوو که خەڵکی خۆمان له بەکاربەر بکەینه خەڵکێکی بەرهەمهێنەر و ئەم پلانه هێشتاش هەر له تێڕوانینی ئێمەدا هەیه، بەڵام ئەم قەیرانانه هاتەپێش. دەبێت خەڵک هەوڵبدات پشت به موچه نەبەستن و بەرهەمهێنەر بن، ئەمەش له شتی  بچووکەوه دەست پێبکەن، ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لەم هەوڵە دەکەین."

سەبارەت به دواکەوتنی پرۆسەی پەروەردەش گوتی: "وەزیری پەروەرده پێشتر به وردی باسی ئەم بابەتەی کردووه. ئێمه بەنیاز نین پرۆسەی پەروەرده دوابخەین، هەموو هەوڵی خۆمان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەمساڵ به سەرکەوتوویی تێپەڕێنین و ساڵی خوێندن نەفەوتێت."

سەبارەت به بەدەنگەوه هاتنی کرێچییەکان، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەم پەیامه گەیشتۆته حکومەت و قسەی لەسەر کراوه و خۆشبەختانه هەندێکیش بەدەم داواکارییەکانەوه هاتوون و له کرێیەکانیان خۆشبوونه و هیوادارین خاوەن موڵکەکانی دیکەش چاو لەو کەسانه بکەن. ئێمەش وەک حکومەت لێکۆڵینەوه دەکەین که چۆن بتوانین باری خەڵک سووک بکەین و هەوڵ دەدەین رێکارێکی یاسایی بۆ ببینینەوه."

 

K.S