توركیا دەست بەسەر 200 هەزار دەمامكی ئیتاڵیادا دەگرێت

سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا پەیوەندی بە سەرۆك کۆماری تورکیاوە دەکات

K24- ئەوروپا:

 نەخۆشخانەکانی هەرێمی ئێمیلیەی رۆمانیای ئیتاڵیا، لە 5ی ئادارەوە چاوەڕێی 200 هەزار دەمامکی کڕدراون و پارەکەشیان بە تەواوی داوە و لە بەشی گومرگی فرۆکەخانەی ئەنقەرە دەستی بەسەردا گیراوە.

کۆتایی مانگی شوبات کۆمیتێك (گروپی کلینیکۆم) لە حکومەتی هەرێمی ئێمیلیەی رۆمانیاوە داواکارییەکی پێدەگات بۆ پێداویستی خێرای دابینکردنی دەمامکی(FPP2 و FPP3) بە فلتەر و بێ فلتەر و داوا لە کۆمپانیای (Ege Maske)ی تورکی كردووە، كە رۆژانە ملیۆنێك دەمام بەرهەم دەهێنێت، بڕی 200 هەزار دەمامکیان  بۆ بەرهەمبهێنن، دوای ئامادەکردن دەبوو 6ی مانگ بەڕێبکرێت بۆ ئیتاڵیا، بەڵام لەلایەن فرۆکەخانەوە بەبیانووی جۆراوجۆر رێگەی درچوونی نادەن.

دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا ئاماژە بەوە دەدەن، لەوکاتەوە چەندین جار هەوڵ دراوە بۆ رێگەپێدانی ناردنی ئەو دەمامکانە، بەڵام تا ئێستا لە توركیاوە رێگەی ناردنیان پێ نەدراوە.

پەیامنێری كوردستان 24 لەمبارەیەوە رایگەیاند، بۆ ئەو مەبەستە جوزێپێ کۆنتێ، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك کۆماری تورکیاوە كردووە، بۆ هاوکاری رێگەپێدان و ناردنی دەمامکەکان، ئەردۆغانیش بەڵێنی ناردنی پێداوە، بەڵام لە رۆژی ١٧ی مانگەوە تا ئێستا دەمامکەکان هەر لە فرۆکەخانەن و نەنێردراون.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئیتاڵیا زۆرترین تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەوروپا هەیە و ناردنی ئەو دەمامكانە پێویستیەکی مرۆڤانەیە.

H.B