نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان جەژنی نەورۆز لە گەلی كورد پیرۆز دەكات

"با هەموومان بە تیشكی بەهار هیوا بدۆزینەوە"

K24- هەولێر:

لە پەیامێكدا جێنین هانس پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جەژنی نەورۆز لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان پیرۆز دەكات.

پلاسخارات لە پەیامەكەیدا وێڕای پیرۆزكردنی جەژنی نەورۆز لە خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها جەخت دەكاتەوە، "نەورۆز كاتی نوێبوونەوە و ئاهەنگ گێڕانی مێژوو و ناسنامەیە بۆ كورد و چەندین گەلی دیكە لە سەرانسەری جیهان".

هەروەها دەڵێت: "پێشتر خانەوادە و هاوڕێیان ئاساییانە لەگەڵ یەكتر كۆدەبوونەوە و بە رەنگاوڕەنگی ئاهەنگیان دەگێڕا و بەخێرهاتنی بەهاریان دەكرد. ئەمساڵ لە ماڵەكانەوە یادی ئەم رۆژە دەكەینەوە، چونكە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا تەنها بە هاوكاری تەواوی هەموو تاكێك دەكرێت".

نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق نووسیویەتی: "هیوای نەورۆزێكی خۆشتان بۆ دەخوازم، با هەموومان بە تیشكی بەهار هیوا بدۆزینەوە، بدرەوشێتەوە بۆ نەوە و كۆمەڵگا و سنوورەكان و ئاشتی و تەندروستی و یەكڕیزی بەدوای خۆیدا بێنێت".

پلاسخارت بە دەربڕینی "نەورۆزتان پیرۆز" كۆتایی بە پەیامەكەی دەهێنێت.

H.B