بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ھۆشداری دەدات
"كۆرۆنا لە گەڕەكەكانی ناو شاردایە"
K24 - سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، ھۆشداری دەداتە ھاووڵاتییان كە كۆرۆنا لە گەڕەكەكانی ناو شاردایە و داوا دەكات لە ماڵەكانیان بمێننەوە.
د. سەباح ھەوروامی رایگەیاند: "کۆرۆنا لە گەڕەکەکانی ناوشاردایە، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە، بۆ ئەوەی دۆخەکەمان لەدەست دەرنەچێ و تووشی کارەسات نەبین، تکایە هاووڵاتیانی خۆشەویست لە ماڵەکانتان بمێننەوەو رێنمایە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن".
ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ 7 حاڵەتی دیكەی تووشبوو بە كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان تۆمار كران 6 حاڵەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاڵەتێك لە ھەولێر.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی تائێستا 54 كەس لە ھەرێمی كوردستان ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان و كەسێكیش بەو ڤایرۆسە گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی ئاشكراشی كردووە، (13) نەخۆش بەتەواوی چاکبووەنەتەوە، و ئەوانی دیكە هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.