ژمارەی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە توركیا بەرز بووەوە
شوێنە گشتییەکانی تورکیا بەڕووی هاووڵاتییان داخران
K24 - ھەولێر
وەزارەتی تەندروستی توركیا ئاشكرای كرد، ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لەو وڵاتە نزیكبووەتەوە لە ھەزار كەس و 21 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
فەخرەدین کوجە، وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند لە 24 کاتژمێری رابردوودا 12 کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکە گەیشتە 21 کەس.
هاوکات تۆمارکردنی 277 حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنای راگەیاند و ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا لە تورکیا گەیشتە 947 کەس.
حکوومەتی تورکیا بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش قەدەغەی هاتووچۆی بۆ کەسانەی سەرووی تەمەنی 65 ساڵی راگەیاند و سەرتاشخانە و ئارایشگا و سەنتەرەکانی جوانکاری و شوێنە گشتییەکانیشی بەڕووی هاووڵاتییان داخست.