راگەیەندراوێك لە داواكاری گشتی سلێمانییەوە
"ھەر كەسێك بە ئەنقەست یان بە ھەڵە ببێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدرێتە دادگا"
K24 - سلێمانی
داواكاری گشتی سلێمانی داوا لە ھاووڵاتییان دەكات پابەندی رێنماییەكان بن. راشیدەگەیەنێت، ھەركەسێك پابەند نەبێت و تووشی كۆرۆنا بێت و بە ئەنقەست یان بە ھەڵە ببێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەنێو ھاووڵاتییان دەدرێتە دادگا.
لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە، داواكاری گشتی سلێمانی رایگەیاند: "داوا لە ھاووڵاتییانی سلێمانی و دەوروبەری دەكەین، كە پابەندبن بە رێنماییەكانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی و لە ماڵەكانتان بمێننەوە، بۆ سەلامەتی گیانی خۆتان و خانەوادە و ھاووڵاتییان".
ئاماژە بەوەشكراوە: "ھەر ھاووڵاتییەك پابەند نەبێت و تووشی ئەو ڤایرۆسە ببێت، بە ئەنقەست یان بە ھەڵە ببێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی لەنێو ھاووڵاتییاندا، ئەوا رێكاری یاسایی لە دژی دەگیرێتەبەر و دەدرێتە دادگا".