ئەو كەسانەی لە ھەولێر خۆیان بە هێزی ئەمنی ناساندبوو دەستگیر كران

بە شەو خاڵی پشكنینیان دانابوو

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاشكرای كرد، چوار كەس لە ھەولێر خۆیان بە ھێزی ئەمنی ناساندبوو خاڵی پشكنینیان دانابوو، لەلایەن ھێزەكانی پۆلیسەوە قۆڵبەست كران.

لە راگەیەندراوێكدا عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: "تیمەكانی پۆلیسی هەولێر لە شەقامی 40 مەتری، چوار تۆمەتباریان دەستگیر كرد، كە بە شەو هەڵسابوون بە دانانی خاڵی پشكنینی وەهمی و خۆیان بە هێزی ئەمنی ناساندبوو، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ رێكخرا و رەوانەی بەردەم دادوەر كرا، بڕیاریدا بە بەندكردنی هەر چوار تۆمەتبارەكە بەپێی ماددە 240 لە یاسای سزادان".