روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه‌وه‌

وه‌ڵامی به‌رنامه‌یه‌كی كوردستان24ی داوه‌ته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

له‌ وه‌ڵامی باسكردنی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی به‌رنامه‌ی "ده‌روون و دیارده‌"ی كوردستان24دا، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری روونكردنه‌وه‌یه‌كی ئاراسته‌ی كه‌ناڵی كوردستان24 كرد.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌

رونكردنەوەیەك لە وەزارەتی رۆشنبیری ‌و لاوانەوە بۆ كەناڵی كوردستان24

بەرنامەی (دەروون‌و دیاردە) كە لە كەناڵی (كوردستان 24) پێشكەش دەكرێت، ئەوە دوو جارە ئەو بەرنامەیە بەناڕەواو ناڕاست باسی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەکات و دەڵێ  گوایە وەزارەتمان، لەئاست بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا كەمتەرخەم بووە‌ و بەئەركی خۆی هەڵنەساوە.

بۆ راستكردنەوەی ئەو قسانە، ئەم رونكردنەوەیەمان بۆ رایگشتی پێویست زانی.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا‌و رێنماییكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ خۆپاراستن، لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێكهات، بەڕێز وەزیری رۆشنبیری‌و لاوان ئەندامی ئەو لیژنە باڵایەیە، لەچوارچێوەی ئەو لیژنە باڵایەدا، چ ئەركێك بەوەزارەتمان سپێردراوە جێبەجێمان كردووە.

هەر بۆ زانیاریی بەرنامەكەی كوردستان24، ئەو كارانەی لەو بارەیەوە كردوومانە دەخەینەڕوو، كە لەكاتی خۆیدا لەپەیجی رەسمیی وەزارەتمان بڵاو كراونەتەوە‌و كەناڵی (كوردستان24) خۆشی هەندێكیانی رووماڵ كردووە.

1- بەمەبەستی خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە، وەزارەتمان هەموو كارو چالاكییەكی رۆشنبیری ‌و ئەدەبی‌ و هونەری ‌و وەرزشی راگرت.

2- بەڕێز وەزیری رۆشنبیری ‌و لاوان ‌و وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن لەدیوانی  وەزارەتمان كۆبوونەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا داوا لە كەناڵەكانی راگەیاندن كرا، كە رێنماییەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاو بكەنەوە، زانیاری ‌و هەواڵی راست ‌و دروست بەهاووڵاتیان بگەیەنن، وەك ئەركێكی نیشتمانی ‌و پیشەیی، لەزانیاری‌ و هەواڵی ناڕاست خۆیان بەدوور بگرن.

3- وەزارەتمان پەیامێكی ئاراستەی سەرجەم رۆشنبیران‌ و نووسەران ‌و هونەرمەندان‌ و وەرزشوانان كرد، كەهەڵمەتێكی نیشتمانی دەست پێبكەن بۆ رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەریەكەیان لەپسپۆڕی خۆیاندا لەرێی كەناڵەكانی میدیاوە، داوا لەهاووڵاتیان بكەن كە خۆیان لەو ڤایرۆسە بپارێزن، زۆربەیان بەدەنگ ئەو پەیامەوە هاتن‌و وەك ئەركێكی نیشتمانیی مرۆڤدۆستانە ئەو ئەركەیان بەجێهێنا.

4- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن ‌و چاپ‌ و بڵاوكردنەوەی سەر بەوەزارەتمان، پەیامێكی ئاراستەی هەموو كەناڵەكانی میدیا كرد، كە لەم دۆخەدا بۆ ئارامكردنەوەی رۆح ‌و دەروونی هاووڵاتیان بەرنامە‌ و درامای بەسوود ‌و تەرفیهی پێشكەش بكەن‌ و بایەخیش بەرنامەی تایبەت بە منداڵان‌ و خوێندكاران بدەن.

5- بەرێز وەزیری رۆشنبیری‌ و لاوان، دوو پەیامی سەبارەت بەیادەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە‌ و جەژنی نەورۆز نووسی‌ و بڵاو كرانەوە، لەهەردوو پەیامەكەدا جەختی لەوە كردەوە كە  چالاكی‌ و گردبوونەوە ئەنجام نەدرێ ‌‌و بۆ خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە، هاووڵاتیان لەماڵەكانیان بمێننەوە‌و پابەندی رێنماییەكان بن.

6- راوێژكارێكی وەزارەتمان ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە لەوەزارەتی تەندروستی، ئەو ئەركەی لەرێی ئەو لیژنەیەوە خراوەتە سەر وەزارەتمان جێبەجێ‌ كراوە.

7- بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەزارەتمان لەهەولێر‌و پارێزگاكانی تری هەرێم بەئەركی خۆیان لەو بارەیەوە هەستاون ‌و پابەندی بڕیار‌و رێنماییەكان بوون.

وەزارەتمان بەپێی رێنماییەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا‌و دەسەڵاتەكانی وەزارەت ‌و جەنابی وەزیر، ئەوكارانەی ئەنجام داوە ‌و كەمتەرخەم نەبووە، لەبەر ئەوە ئەو روونكردنەوەمان بۆ رای گشتی ‌و وەك وەڵامێك بۆ كەناڵی كوردستان24 بەپێویستزانی.

وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری ‌و لاوان

23ی ئازاری 2020