یەكەم كاروانی ھاوكاری تەندروستی گەیشتە ئێران
دەرمان و پێداویستی تەندروستی دەگەیەننە ئەو وڵاتە
K24 - ھەولێر
یەكەم كاروانی ھاوكاری پزیشكانی بێسنوور بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە ئێران.
ئەمڕۆ یەكشەممە بەھرام قاسمی، باڵیوزی ئێران لە فەرەنسا لە ھەژماری تویتەری خۆیدا رایگەیاند، یەكەم فڕۆكەی چارتەری پزیشكانی بێسنوور گەیشتە تاران.
قاسمی راشیگەیاند، ئەو فڕۆكەیە دەمامك و دەرمان و جلوبەرگی پزیشكی و نەخۆشخانەیەكی گەورەی گەرۆكیان پێیە و لە شاری بۆردۆی فەرەنساوە بۆ یارمەتیدانی ئێران گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
لە لایەكی دیكە و ھەر ئەمڕۆ سەعید نەمەكی، وەزیری تەندروستی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، كە لە 49 ھەزار بنكەی تەندروستی لە ئێران پشكنین بۆ خەڵك دەكرێت، تاكو ئەمڕۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ زیاتر لە 32 ملیۆن كەس كراوە.
وەزیری تەندروستی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد، 60% خەڵكی ئێران لە ماڵەكانیاندا ماونەتەوە، بەڵام ئەو رێژەیەی ئەو كەسانەی لە دەرەوەن زۆرە و ئەوەش مەترسییەكانی زیاتر كردووە.