40 قوتابی كورد له هه‌نگاریا گیریان خواردووه و ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه
داوا ده‌كه‌ن ئاسانكاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بكرێت
K24 - هه‌ولێر:
نزیكه‌ی 40 قوتابی كورد كه له وڵاتی هه‌نگاریا ده‌خوێنن، گیریان خواردووه و به‌هۆی داخرانی رێگاكان و وەستانی گه‌شته ئاسمانییه‌كان، ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه.
جامی خه‌یره‌دین، یه‌كێك له‌و قوتابیانه‌یه و به كوردستان 24ی راگه‌یاند، "ئێمە کۆمەڵێك قوتابی کوردستان لە ھەنگاریا دەمانەوێ بگەڕێینەوە، لەبەر ئەو رێکارە نوێیانەی بەھۆی ئەم پەتایە (كۆرۆنا) گیراونەتەبەر لە ھەموو رووێکەوە رێمان لێگیراوە و ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه".
به گوێره‌ی گوته‌ی ئه‌و قوتابیانە ره‌وشیان خراپه، به هۆی ئه‌وه‌ی بانك و شوێنه‌كانی حه‌واڵه‌كردنی پاره داخراون، ناتوانرێت هیچ بڕه پاره‌یه‌كیان له هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێ بگات.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئێستا حکومەتی عێراق دەیەوێ بە فڕۆکەیەکی تایبەت خوێندکارە عێراقیەکان بگەڕێنێتەوە، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش باڵیۆزخانه‌ی عێراق له بۆداپیستی پایته‌ختی هه‌نگاریا، په‌یامی بۆ قوتابیه عه‌ره‌به‌كان ناردووه، كه ئامادەن بگه‌ڕێنه‌وه".
جامی باس له‌وه ده‌كات، پێشتر ئاگاداری ئه‌وه بوونه دوا واده بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ره‌وه دیاریكراوه، به‌ڵام ئه‌وان نه‌یانتوانیوه زانكۆ جێبهێڵن، چونكه خوێندن له هه‌نگاریا رانه‌گیراوه و تا ئه‌مڕۆش تاقیكردنه‌وه له زانكۆكه‌یان ئه‌نجام دراوه.

ئ. م