سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرا
K24 – ههولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2020/3/24 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مارشال بیلینگسلی یاریدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی پارەدارکردنی تیرۆر، پەيوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرا . سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەو رێکارانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە هەرێمی کوردستان گیراونەتەبەر و میکانیزمەکانی هاوکاریکردنی هەرێم لە لایەن ئەمەریکاوە.
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوون لە سەر کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان دا .