بانگهوازێك له سهرۆكی پهرلهمانى كوردستانهوه
"تکاکارم پابەندبن بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان"
K24 - ھەولێر
د. رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە بانگەوازێكدا لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا داوا لە ھاووڵاتییان دەكات پابەندی رێنماییەكان بن و وانە لەو وڵاتانە فێربن كە ژمارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتییانیان بەھۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
لە پەیامەكەی سەرۆكی پەرلەمان ھاتووە: "ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی جیهان لە قۆناغێکی چارەنووسسازو سەختدایە لە بەرەنگاربوونەوەی یەکێک لە ڤایرۆسە کوشندەکانی سەدە، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19)، لە ئێستادا زانایان و سەنتەرە گەورە پزیشکییەکان و ئەزموونی وڵاتە تووشبووەکان پێمان دەڵێن کە جگە لە پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەکان هیچ رێگەیەک نییە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە. هەر بۆیە روو دەکەمە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و داواتان لێدەکەم پێکەوە رووبەڕووی ئەم ڤایرۆسە ببینەوە، داهاتووی هەموومان بەستراوەتەوە بەکاری پێکەوەییمان، تکاکارم پابەندبن بەڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەر لە سەرەتاوە بە بەرنامەیەکی باشەوە رووبەڕووی ئەم پەتا جیهانییە بوونەتەوە".
د. رێواز فایەق، دەشڵێت: "دەستخۆشیی بێپایانم ئاراستهی پزیشكه ماندوونەناسەکان و کارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیسى هاتووچۆ و کارمەندانی خاڵە سنوورییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و رۆژنامەنووسان و هەموو ئەوانەی کە لە پێشەوەی سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا کوشندەیەن دهكهم".
ئاماژە بەوەشدەكات: "هەواڵی تراژیدیای وڵاتە پێشکەوتووەکان هەرچەندە سیستمێکی باشی تەندروستییان هەیە هەموومان نیگەران دەکەن، گەورەترین وانە لێیانەوە فێربین ئەوەیە کە دەبێت پابەندبین بەڕێنماییەکان و وەک خۆیان جێبەجێیان بکەین، چونکە پشتگوێخستنی ڕێنماییەکان تووشی کارەساتی گەورەمان دەکەن، کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەئاستی خواست و رووبەڕووبوونەوەی تەحەدیی گەورەو تاقەت پڕوکێندا نییە، بەڵام لە گیانی لەخۆبردوویی و دڵسۆزی و کارامەیی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دڵنیاین و خاوەنی گەلێکی بە ئیرادەین و پێکەوە پابەندی رێنماییەکان دەبین تا بەکەمترین زیان ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین. وێڕای دەستخۆشی و پشتیوانیمان بۆ رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لێدەکەین، کە میکانیزمێکی خێراتر بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانی ئەو وەزارەت و دامەزراوانە بدۆزنەوە کە هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە بەشێوەیەک کار نەکاتە سەر تەندروستیی گشتی، هەروەها دەخوازین چاودێری لەسەر خاڵە سنوورییەکان و رێکارەکانی هاتووچۆ لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق توندتر بکەن. سوپاس و پێزانینمان بۆ هەوڵەکانی پارێزگارەکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان کە بەبێ ماندووبون و لێبڕاوانە سەرۆکایەتیی تیمەکانیان دەکەن لە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاکامەکانی. لەپێناو پاراستنی خۆمان و خێزان و ئازیزانمان و هەرێمەکەمان، رێنماییەکان جێبەجێ دەکەین، لەماڵەوە دەمێنینەوەو ناهێڵین داهاتوومان بکەوێتە مەترسییەوە".