زانایەكی رووسی زانیاری مەترسیدار لەسەر كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

"لە مانگەكانی ئوكتۆبەر و نۆڤەمبەر دووبارە سەرهەڵدەداتەوە"

K24- هەولێر:

زانایێكی رووسی زانیاری مەترسیدار لەسەر كۆرۆنا ئاشكرا دەكات و رایگەیاند، گریمانەی دروستبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە شێوەیەكی دەستكرد لە راستییەوە دوورە و هۆشداری لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێكی دیكەی ئەو پەتایە لە پایزی داهاتوو دەدات.

پرۆفیسۆر كیرڵ شارشۆڤ، سەرۆكی تاقیگەی ژینگەی ڤایرۆسەكان و سەنتەری پزیشكی بنچینەیی لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "روسیا الیوم" گوتی: "وێڕای ئەوەی هەڵسەنگاندنەكانی چەندین زانا و بەرپرسانی حكومی لەبارەی ئەگەری دروستبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە شێوەیەكی دەستكرد، بەڵام ئەو گریمانەیە لە راستییەوە دوورە".

روونیشی كردەوە، گریمانەی بەربڵاو بۆ دروستبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی ڤایرۆسە تاجییەكانی " SARS-CoVو MERS-CoV" لە رابردوودا، كاتێك ژمارەیەك توێژەر دەستیان بە هەڵسەنگاندنی سەرجەم جۆرە ڤایرۆسە تاجییەكانی ناو سروشت كرد.

لەگەڵ ئەوەشدا، زانایان دركیان بەوە كرد، كە دروستبوونی ڤایرۆسە تاجییەكان كارێكی مەحاڵە و ڤایرۆسی تاجی 2 "كۆرۆنای نوێ"ـش بەردەوام خۆی دەگۆڕێت.

ئاماژەی بەوەشدا، "هەموو ڤایرۆسێك بۆهێڵی "جینات"ی خۆی هەیە و بەردەوام خۆی دەگۆڕێت، تەنانەت بەبێ كاریگەری دەرەكیش، بە دەگمەنیش توێژاڵ درووست دەكەن، بەڵام دەكرێت هۆكارە دەرەكییەكان كاریگەری لەسەر خێرایی و سروشتی دروستبوونی ئەو توێژاڵە بكەن".

شارشۆڤ باسی ئەوەش دەكات، هەمیشە ڤایرۆسەكان دوای ئەوەی گۆڕانكاری لە بۆهێڵەكانی خۆیان دەكەن، دەتوانن تووشی بوونەوەرێكی زیندوو ببن. وێڕای ئەمەش، پێویستە ئەو بۆهێڵانە لەناو خانەدا لەزۆربوون بەردەوام بن، ئەمەش كارێكی زۆر مەحاڵە. هەر بۆیە پێویستە چەند مەرجێك هەبن، بۆ نموونە، ئەگەر ڤایرۆسی باڵندە كە پلەی گەرمی لەشی لە پلەی گەرمی لەشی مرۆڤ بەرزترە، بۆ ئەوەی ڤایرۆسەكە خۆی لەگەڵ پلەی گەرمی لەشی مرۆڤ رابهێنێت، ئەوا پێویستە توێژاڵێكی گونجاو بۆ خۆی دروست بكات. بەم شێوەیەشە ڤایرۆسەكانی ئەنفلۆوەنزای باڵندە رێگایەكی گونجاویان دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن تووشی مرۆڤەكان ببن.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ڤایرۆسەكان دەبنە دیاردەیەكی وەرزی نازیانبەخش بە شێوەیەكی رێژەیی؟ گوتی: "دەكرێت ئەو گریمانەیە راست بێت. دەكرێت ئەو ڤایرۆسە ببێتە ڤایرۆسێكی وەرزی، هەر پەتایەكی هەناسەدان بەشێوەی شەپۆل سەرهەڵدەدات، نموونەی ئەمەش "ئەنفلۆوەنزای بەراز"، كە لە ساڵی 2009 زیانی زۆر و بە خێراییەكی لەرادەبەدری بە جیهان گەیاند و ئێستاش بووەتە ڤایرۆسێكی وەرزی و بەشێوەیەكی رێژەیی بێ زیانن".

لەبارەی چۆنیەتی رەفتاركردنی ئەو ڤایرۆسەش لە داهاتوویەكی نزیكدا؟ ئەو زانا رووسییە گوتی: "دەوێرم بڵێم: لەگەڵ سەرەتای هاوین چالاكی ڤایرۆسی كۆرۆنا سست دەبێتەوە، بەڵام لە مانگەكانی ئوكتۆبەر و نۆڤەمبەر دووبارە سەرهەڵدەداتەوە".

H.B