لە هەولێر گەورەترین كارگەی درووستكردنی ماسك و كەلوپەلی پزیشكی دەستبەكاربوو
لە توانایدایە كەلوپەلی پزیشكی بۆ هەرێم دابین بكات و رەوانەی دەرەوەشی بكات
K24- هەولێر:
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، گەورەترین كارگەی درووستكردنی ماسك و كەلوپەلی پزیشكی لە شاری هەولێر كرایەوە.
لە گوتەیەكیشدا فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دووپاتی كردەوە، كردنەوەی ئەو كارگەیە لەم قۆناغەدا كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێویستی هەرێم بۆ كەلوپەلی خۆپارێزی لەو پەتایە، دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ شاری هەولێر.
پارێزگاری هەولێر سوپاس و دەستخۆشی ئەو كۆمپانیایەشی كرد، كە ئەركی دامەزراندن و كردنەوەی ئەو كارگەیەی لە ئەستۆ گرتووە، هەروەها سوپاسی ئەو لایەنانەشی كرد، كە لەو پڕۆژەیەدا هاوكار بوون.
هەروەها گوتی: ئەو كۆمپانیایە دەتوانێت مانگانە زیاتر لە 10 ملیۆن ماسك بەرهەم بهێنێت و پلانیان هەیە كە لە داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنان لەو كارگەیە بەرزتر بكرێتەوە.
هەر لەو رێوڕەسمەدا دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم لە گوتەیەكدا رایگەیاند، كردنەوەی كارگەیەكی لەو شێوەیە لە شاری هەولێر، جێگەی دڵخۆشییە و دووپاتیكردەوە: بەرهەمەكانی ئەو كارگەیە بە ستانداردی جیهانی و كوالیتێكی بەرز بەرهەم دەهێنرێن.
گوتیشی: بەرهەمەكانی ئەو كارگەیە نەك تەنیا بەشی پڕكردنەوەی پێداویستی هەرێم دەكات، بەڵكو لە توانایدایە رەوانەی دەرەوەی هەرێمیش بكرێت.
H.B