به‌ریتانیا مۆڵه‌تی فه‌رمیی كاركردنی به‌ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی دا

"ئێستادا دەزگای خێرخوازیی بارزانی کاریگەرییەکی بەھێزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھەیە"

K24- هه‌ولێر:

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە فەرمی لەلایەن کۆمیسیۆنی رێکخراوە خێرخوازییەکانی بەریتانیاوه‌ مۆڵەتی کارکردنی بەدەست هێنا و لەو بارەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، ئەمە دەقەکەیەتی:

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە پێگە نێودەوڵەتییەکان و پتەوکردنی پەیوەندی لە نێوان دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە قۆناغ و پلانی داڕێژراو توانیویەتی ببێتە ناوێکی ناسراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. لە ئێستادا دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەك رێکخراوێکی کوردستانی و نیشتیمانی کاریگەرییەکی بەھێزی لە ناوخۆ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھەیە.

شێوازی کارکردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناوچەیەکی پڕ لەکێشە و گرفت بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتیەکان و بەبێ جیاکاری لە نێوان (نەتەوە، ئاینی و ئایدیای سیاسی) وایکردووە، ببێتە جیگەی تێڕامانی رێکخراو و ناوەندە جیھانیەکان، لە نوێترین دەستکەوتدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەفەرمی مۆڵەتی کارکردنی لەلایەن کۆمیسۆنی رێکخراوە خێرخوازییەکانی بەریتانیاوه‌ پێبەخشرا.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھەوڵ دەدات خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵگه‌ی کوردستانی لە بەریتانیا و وڵاتانی دیكه‌ی ئەوروپا بکات، لە ھەمان کاتیشدا دەزگا لەرێگەی پاڵپشتی و ھاوکاری کوردانی تاراوگە، دەتوانێت خزمەتی زیاتر و باشتر بە کوردستانیان بکات لە ھەموو شار و ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و جیھان.

دیارە بە وەرگرتنی مۆڵەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا و بەریتانیا و ئەندامیەتی دەزگا لە رێکخراوی ECOSOCی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان خزمەتی زیاتر بە ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی ھەرێمی کوردستان و دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بەگشتی دەکات.

بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و دۆستانمان لە ھەموو جیھان دەکەین.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی

H.B