پەرلەمانتارێكی عێراق پلانێكی گرنگ بۆ ناوچە كوردستانییەكان ئاشكرا دەكات
هەماهەنگی بۆ نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی دەكرێت
K24- هەولێر:
ئەحمەد مەزهەر ئەلجبووری، پەرلەمانتاری پارێزگای دیالە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، پنێكی گرنگ بۆ كۆتاییهێنان بەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراقدا هەیە، لە ئارادایە.
لە لێدوانێكدا بۆ سایتی "بەغداد الیوم"، جبووری رایگەیاند، "ماوەیەكی زۆرە سنووری پارێزگاكانی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان تووشی بۆشاییەكی ئەمنی گەورە بووەتەوە، ئەمەش بووەتە دەرفەتێك بۆ تەراتێنی شانە نووستووەكانی داعش و ئەنجامدانی هێرش لە چەند ناوچەیەك، بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە تا ئێستا چەندین كەس بوونەتە قوربانی".
ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە ئاماژەی بەوەشدا، "وەزارەتی بەرگری عێراق دیدگایەكی گشتگیری بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشیەیە و نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییە بەم نزیكانە داناوە، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێكی باڵا بۆ دانانی پلانێكی تۆكمە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات".
گوتیشی: "شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات و ستراتیژیەتی نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانە هەیە، لە چوارچێوەی پلانی رووبەڕووبوونەوەی داعش لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ دەكات".
جبووری ئاماژەی بەوەشدا، "بە جێبەجێ كردنی ئەو پلانەی وەزارەتی بەرگری عێراق، مەترسییەكی گەورەی ئەمنی لەو ناوچانە دەڕەوێتەوە، كە بوونەتە جێگای نیگەرانییەكی گەورە و مەیدانێكی گەرمی چالاكی چەكدارانی داعش".
دوای رووداوەكانی 16ی ئوكتۆبەر و كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی رۆژانە و فراوان چەكدارانی داعش لەو ناوچانە دەستیان بە چالاكییەكانیان كردووەتەوە.
H.B