فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەڤەری سیدەكان و نزیك زینی وەرتێ و بناری قەندیلیان بۆردومان كرد
زانیاری لە بارەی زیانەكانی پەكەكە نەزانراوە
K24 - رواندز
درەنگانی شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، چهند بنكه و بارهگایهكى پهكهكهیان لە دەڤەری سیدەكان و نزیك زینی وەرتێ و بناری قەندیل بۆردومان كرد.
موسڵیح باڵەكی، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە كوردستان24ی راگەیاند: "شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ناوچەی ھەسەدەر لە نزیك زینی وەرتێ و كوزینەیان لە بناری قەندیل بۆردومان كرد".
گوتیشی: "ھیچ زانیارییەك لە بارەی زیانە گیانییەكانی پەكەكە لەو بۆردومانە نەزانراوە، چونكە ھەسەدەر ناوچەیەكی دوورە لە ئاوەدانی، ئەگەر تەنیا ھاووڵاتییان بە رۆژ بۆ گژوگیای بەھاران روو بكەنە ئەو شوێنە، بەڵام بە شەو ھیچ ھاووڵاتییەك لەو سنوورە نزیك نییە".
ھاوكات فڕۆكەكانی توركیا بارەگاكانی پەكەكەیان لە سنووری سیدەكان بۆردومان كردووە.
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان بە كوردستان24ی گوت: "فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بنكە و بارەگاكانی پەكەكەیان لە دەروروبەری گوندی بێركم بۆردومان كردووە".
روونیكردەوە: "گوندی بێركم بەھۆی بوونی گەریلاكانی پەكەكە و بۆردومانەكانی توركیا چۆڵ كراوە و دانیشتوانەكەی لە گوندی دەراو نیشتەجێ بوونە".