"ئەو كەسەی لە لیبیا گیراوە دوور و نزیك پەیوەندی بە پارتی و لەشكری رۆژەوە نییە"
سەرچاوەیەك لە دەزگەی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە
K24 - ھەولێر
سەرچاوەیەك لە دەزگەی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە روونكردنەوەیەكدا لەبارەی ئەو كەسەی لە لیبیا دەستگیر كراوە رایدەگەیەنێت "ئەو كەسە دوور و نزیك پەیوەندی بە پارتی و لەشكری رۆژەوە نییە، راستییەكان بۆ هەموو لایەك ئاشكرا دەبن و وەك هەمیشەش رووڕەشی بۆ چەواشەكاران دەمێنێتەوە".
لە بەشێكی روونكردنەوەكەدا ھاتووە: "ئەو شەڕ و كاولكارییەی لە لیبیا روودەدات دەرهاوێشتەی ململانێی نێودەوڵەتییە و هیچ پەیوەندی بە ئامانج و سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نییە. شوورەییە كە بۆ لەكەداركردنی ناوی پێشمەرگە و پارتی پەنا بۆ شتێك ببردرێت كە لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەكی بە كوردەوە نییە. ئەوە خۆی لەخۆیدا نیشانەی ئیفلاسی سیاسی و ئەخلاقی و فكرییە".
دەقی روونكردنەوەكە
لەبارەی گرتنی كەسێكی مورتەزەقە لە لیبیا، كە ماوەی چەند رۆژە ژمارەیەك سایت و میدیای كوردی لە هەڵمەتێكی ناڕەوادا بۆ لەكەدار كردنی پارتی و لەشكری قارەمانی ڕۆژ بەكاری دەهێنن، بە هەموو لایەك رادەگەیەنین كە:
یەكەم: ئەو كەسەی لە لیبیا گیراوە و بەشێوەیەكی گوماناوی ناسنامەی بۆ داتاشراوە، دوور و نزیك پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستان و لەشكری رۆژەوە نییە و هەرگیز تەنانەت بۆ یەك خولەکیش پێشمەرگە نەبووە.
دووەم: ئەو شەڕ و كاولكارییەی لە لیبیا روودەدات دەرهاوێشتەی ململانێی نێودەوڵەتییە و هیچ پەیوەندی بە ئامانج و سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نییە. شوورەییە كە بۆ لەكەداركردنی ناوی پێشمەرگە و پارتی پەنا بۆ شتێك ببردرێت كە لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەكی بە كوردەوە نییە. ئەوە خۆی لەخۆیدا نیشانەی ئیفلاسی سیاسی و ئەخلاقی و فكرییە.
سێیەم: ئەگەر گریمان پڕۆپاگەندەكان لەبارەی ئەو كەسە راست بووایە و پێشمەرگە بووبێت (كە لە بنەڕەتدا هیچ بنەمایەكی نییە)، ئەوە هەموو لایەك زۆر باش دەزانن كە لە مێژووی شۆڕشەكانی كورد رووی داوە کەسانێک لەناو شۆڕش بوونە بەڵام ناپاكییان كردووە و لە ڕیزی شۆڕش و پێشمەرگە چوونەتە ڕیزی دوژمن.
چوارەم: ئەو كەسەی لەپێناو پارە بووەتە مورتەزەقە لە لیبیا كارێكی نەشیاوی كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ناپاكییەكەی بە هیچ شێوەیەك بەراورد ناكرێت لەگەڵ ناپاكیی فرۆشتنی خاك و خەڵك كە هەندێ تاقم و لایەن لەسەری راهاتوون و دەیانەوێ بە گەورەكردنی بابەتی مورتەزەقەكەی لیبیا پەرێزی خۆیان خاوێن بكەنەوە.
پێنجەم: ئەگەر مەبەست لەم هەڵمەتە و لەكەداركردنی پێشمەرگە سەرقاڵكردنی خەڵك بێ بۆ ئەوەی تاوان و ناپاكییەكانی ئەو لایەن و تاقمە دابپۆشرێت، ئەوە با هەموو لایەك دڵنیا بن بەم ژاوەژاو و ناهەقی و چەواشەكارییە تاوان و ناپاكییەكان هەرگیز بزر نابن و فەرامۆشیش ناكرێن.
شەشەم: لەشكری قارەمانی رۆژ بەدەیان شەهیدی لە شەڕی تیرۆیستان داوە. قارەمانانە بەرگری لە خاكی كوردستان كردووە. ئەو كاتەی كە قارەمانانی لەشكری رۆژ بەشداربوون لە تێكشكاندنی دوژمن لە پردێ و سحێلا، خەڵكی تر خاكیان دەفرشت و مورتەزقەی دوژمن بوون.
حەفتەم: راستییەكان بۆ هەموو لایەك ئاشكرا دەبن و وەك هەمیشەش رووڕەشی بۆ چەواشەكاران دەمێنێتەوە.
سەرچاوەیەك لە دەزگەی رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
15ـی 4ـی 2020