وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: ناردنی فه‌وجێكی لیوای 7ی پیاده‌ بۆ زینوێی وه‌رتێ رێككارێكی كاتی بوو

پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان، ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگەیە

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، ناردنی فەوجێکی لیوای 7ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ (زینوێی وەرتێ) رێککارێکی کاتی بوو،  لەسەر داوای لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا،  پاڵپشت بە بڕیار و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بووه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوه‌، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راشیگه‌یاندووه‌، "لەبارەی پرسی ( زینوی وەرتێ) حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، بە پێی یاسا و رێنمایە کارپێکراوەکان، ماف و دەسەڵاتی تەواوی ئەوەیان هەیە بۆ هەر ناوچەو جێگەیەکی سنووری هەرێم، جوڵە و جێگۆڕکێ بەهێزەکانی پێشمەرگە بکەن، دەخوازین هیچ تەفسیرێکی سیاسیی هەڵە بۆ ئەو بابەتە نەکرێت".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان، ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگەیە و لەئێستاشدا لەبەرامبەر باری ناهەمواری خەڵک و میللەتەکەمان،  پێویست دەکات هەمووان بەگیانی لێپرسراوێتی و لەخۆبردووییەوە هەنگاو بنێین بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "بەداخەوە، ناکرێ لەئەنجامی بێ متمانەیی لایەنەکان و گەورە کردنی بابەتگەلێکی بچووک میللەتەکەمان زیان و باجی قورس بدات".

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا هاتووه‌: "هەوڵەکانمان خستۆتەگەڕ بۆ خاوکردنەوەی دۆخەکە و بەردەوامیش دەبین، کە هەنگاوەکانمان بەشێک دەبێت لەچارەسەر، نەک تەشەنەسەندنی زیاتری کێشەکە".