توركیا ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی له مردن به كۆرۆنای تۆمار كرد
مردن و تووشبون روو له هه‌ڵكشانه
K24- هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا رایانگه‌یاند، له سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه تا ئێستا، ئه‌مڕۆ زۆرترین كه‌س به‌هۆی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه له وڵاته‌كه‌یان گیانیان له‌ده‌ستداوه.
له‌م باره‌یه‌وه فه‌خره‌دین قۆجه، وه‌زیری ته‌ندروستی توركیا ئاشكرای كرد، ته‌نیا له ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا 125 كه‌س به‌هۆی كۆرۆنا له وڵاته‌كه‌یان گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌مه‌ش له سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌وه یه‌كه‌م جاره ئه‌و ژماره‌یه‌ی مردن به ڤایرۆسه‌كه تۆمار بكرێت.
وه‌زیری ته‌ندروستی ئه‌و وڵاته گوتیشی: تا ئێستا كۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی په‌تاكه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته هه‌زار و 643 كه‌س.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ته‌نیا له ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا 4 هه‌زار و 801 حاڵه‌تی نویی تووشبوون به كۆرۆنا له توركیا تۆماركراون، به‌مه‌ش ژماره‌ی كۆی تووشبووانی ئه‌و وڵاته بۆ 74 هه‌زار و 193 حاڵه‌ت به‌رز بووه‌وه.
سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ش كه له په‌تاكه چاكبوونه‌ته‌وه قۆجه گوتی: له دوێنێوه هه‌زار 415 كه‌س به ته‌واوی له ڤایرۆسه‌كه چاك بوونه‌ته‌وه، به‌مه‌ش تا ئێستا 7 هه‌زار و 89 كه‌س له په‌تاكه چاك بوونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه، "ئێمه دوو خاڵی به‌هێزمان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا هه‌یه، ئه‌وانیش چاره‌سه‌ری و خۆپارێزین، ده‌مانه‌وێت تواناكانمان تاقی بكه‌ینه‌وه".
H.B