بهریتانیا: ئێمە بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ پێشمهرگه بەردەوام دەبین
ستایشی هەوڵهكانی وەزیری پێشمەرگە دەکات
K24- ههولێر:
لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا، مێجەر جەنەڕاڵ، سێر جۆن لۆریمەر، راوێژکاری باڵای سەربازی حکومەتی بەریتانیا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، ستایشی هەوڵ و هەنگاوەکانی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ مێجەر جەنەڕاڵ سێر جۆن لۆریمەر، گەورە راوێژکاری حکومەتی بەریتانیا، پەیوەندی بە وەزیری پێشمەرگهوه كرد و بارودۆخی ئێستای هەرێم و ناوچەکە، پرسی جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش و لێکەوتە و مەترسیەکانی پەتای کۆرۆنا و دۆخی ئابووری وڵات، بەردەوامی پڕۆژەی چاکسازیان لە وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێی کرد.
لە دەستپێکی ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا، وەزیری پێشمەرگە، سەرەخۆشی لەمێجەر جەنەڕاڵ لۆریمەر و گەلی بەریتانیا کرد بۆ لەدەستدانی هاووڵاتیانی ئهو وڵاته بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
دواتر گفتوگۆ لەبارەی مەترسی جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە جیاجیاکان، بە هۆی بۆشایی ئەمنیەوە كرا. وەزیری پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەکرد، لەچەندین وێستگەدا لەبارەی ئەو بۆشاییە ئەمنیه و نەبوونی هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عیراق هۆشدارییان داوە.
لەسەر پرسی پەتای کۆرۆنا، لێکەوتە ئابووریەکان و دابەزینی نرخی نەوت لەبازارەکانی جیهان وەزیری پێشمەرگە روونی کردەوە، بهو هۆیەوە دۆخی ئابووری هەرێم خراپ بوە و ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی کردۆتە سەر ژیان و گوزەرانی هێزەکانی پێشمەرگه.
لە بەرامبەردا گەورە راوێژکاری حکومەتی بەریتانیا روونی کردەوە، ئەوان بەردەوام دەبن لە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە.
لەبەشێکی دیكهی پەیوەندیەکەدا، مێجەر جەنەڕاڵ لۆریمەر هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆی گەیاندە وەزیری پێشمەرگە و وەزارەت بۆ گیان لەدەستدانی دوو پێشمەرگەی نەبەرد، کە بەدەستی چەتەکانی داعش لە کوڵەجۆ شەهیدکران.
لەکۆتایی ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا، گەورە راوێژکاری حکومەتی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، ستایشی بڕیار و هەوڵەکانی وهزارهتی پێشمەرگهی کرد، لە پرسی خۆرێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەردەوامی پڕۆسەی چاکسازی و هەنگاوەکان بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە، گوتیشی: ئێمە بەهەموو شێوەیەك لەگەڵتان بەردەوام دەبین.
مێجەر جەنەڕاڵ سێر جۆن لۆریمەر، گەورە راوێژکاری سەربازی و نێردەی سەرۆك وەزیران و حکومەتی بەریتانیایە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، لەناوەندی بڕیاری وڵاتەکەی لە حکومەت و پەرلەماندا، رۆڵی گەورەی هەیە.
H.B