راگەیهندراوێك لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
تۆمهتهكانی كهجهكه لهبارهی دۆخی زینی وهرتێ رهت دهكاتهوه
K24- ههولێر:
له راگهیهندراوێكدا مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئهو تۆمهتانهی كهجهكه له بارهی دۆخی زینی وهرتێ ئاراستهی پارتی كردون رهتدەكاتەوە و دووپاتیش دهكاتهوه، ئهو هێزەی رهوانهی زینی وهرتێ كراوە، هێزی پارتی نییە و هێزی پێشمهرگهی سهر به وهزارهتی پێشمهرگهیە و لهلایهن وهزیری پێشمهرگهوه له چوارچێوهی رێكارهكانی رووبهڕووبوونهوهی كۆرۆنادا رهوانه كراوە.
دهقی راگهیهندراوهكهی مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:
رۆژی هەینی 17ـی 4ـی 2020، كەجەكە لە بەیاننامەیەكدا لەسەر بابەتی زینی وەرتێ، كۆمەڵێك تۆمەتی بێبنەمای ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە. وێڕای ئەوەی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە بە توندی رەت دەكەینەوە جەختیش لەوە دەكەینەوە كە ئەو هێزانەی كە لە زینی وەرتێ جێگیركراون هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانن و لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانە لەوێ جێگیر كراون، كە حكومەتی هەرێم بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونی پەتای كۆرۆنا بڕیاری لەسەردا بوو و وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان جووڵەی بەم هێزانە كردووە. ئەم هێزانە هێزی پارتی نین بەڵكو هێزی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن كە ئەركی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان جێبەجێ دەكەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە بە چاوی رێزەوە سەیری خەباتی هەموو حزب و رێكخراوەكانی دیكهی كوردی كردووە و پشتیوانی داواكارییە سیاسی و مەدەنییەكانی گەلی كورد بووە. جێگەی سەرسووڕمانێكی زۆرە كە پەكەكە ئەو مافە بە خۆی بدات لە هەر شوێنێك كە پێی خۆش بێت هێز بنێرێت و دەست لە كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەربدات، بەڵام بەلایەوە ئاسایی نەبێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان مومارەسەی دەستەڵاتەكانی خۆی لەسەر خاكی خۆی بكات.
بەداخەوە ئەو رەفتارەی پەكەكە ئێستا و لە ساڵانی رابردوو لەدژی هەرێمی كوردستان ئەنجامی داوە، رەفتاری سەرەڕۆییانە و شەڕفرۆشانە بووە و هیچ رێزێكی لە دامودەزگاكان و سەروەری و ئاساییش و ئاسوودەیی و ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی نەگرتووە. بەهۆی رەفتارەكانی پەكەكە سەدان گوندی هەرێمی كوردستان ئاوەدان نەكراونەتهوە و رێگە لە ژیانی هەزاران هاووڵاتیی گیراوە و بەهۆی پەكەكەوە خەڵكی هەرێمی كوردستان باجی زۆر گەوەرەی مرۆیی و ماددیان داوە.
ئەوەی تا ئێستایش لە پەكەكە قبوڵ كراوە بە هۆی سینگفراوانی پارتی و هەرێمی كوردستان بووە، كە چاوپۆشییان لە زێدڕەۆییەكانی پەكەكە كردووە. حەقیشە سەرانی پەكەكە تەقدیرییان بۆ ئەم هەڵوێستەی خەڵكی كوردستان هەبا و رەچاوی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیان كردبا و لانیكەم رێزی دامودەزگای هەرێم و هاووڵاتیانیان گرتبا، كە ساڵانێکی دوور و درێژە تەحەمولی بوونی پەكەكەیان لەسەر خاكی هەرێم كردووە.
كێشەی پەكەكە لەگەڵ توركیایە و باشتریشە لەبری شەڕفرۆشی و دروستكردنی سەرئێشە و گرفتی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان، بچن كێشەكانیان لەگەڵ توركیا چارەسەر بكەن. گۆڕەپانی كاری ئەوان توركیایە نەك هەرێمی كوردستان.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٧ـی ٤ـی ٢٠٢٠
H.B