لیستی ئەو شوێنانەی لە دەڤەری راپەڕین دەکرێنەوە
چەند بڕیارێکی نوێ لە ئیدارەی راپەڕینەوە
K24 – ههولێر:
ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی ڕاپەڕین تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا چەندین بڕیاری تازەی دەرکرد.
بڕیارە نوێکانی ئیدارەی راپەڕین لەبارەی ئاساییکردنەوەی ژیان و کردنەوەی شوێنە گشتییەکان:
یەکەم / جگە لە کافتریا و چایخانە و قاوەخانە و هۆڵەکانى لەشجوانى و پارکە گشتى و تایبەتى و یاریگا و مزگەوت ، دوکان و بازاڕ دەکرێتەوە بە مەرجی پەیڕەو کردنى سەرجەم رێنماییە تەندروستییەکان ( بەکارهێنانى ماسک و دەسکێش و دروست نەکردنى قەرەباڵغى و جەنجاڵى و دووریی نێوان کەسەکان بە ئەندازەى دوو مەتر )
دووەم / خواردنگە و چێشتخانەکان دەکرێنەوە : ئەوانەى کە مۆڵەتى تەندروستییان هەیە و بەو مەرجەى کە گەڕۆک و سەرعارەبانە نەبن و خواردن بە دیلیڤەریی پێشکەش بکەن
سێیەم / پێشانگاکانى ئۆتۆمبیل ناکرێنەوە هەتا لە کۆبوونەوەى رۆژى 23 ى نیسان بڕیارێکیان بە پێی بارودۆخەکە لێ دەدەرێت
چوارەم / هەتا قەدەغەکردنى هاتووچۆى نێوان شارەکان هەڵ نەگیرێت رێگە بە هۆکارەکانى گواستنەوەى گشتیی ( پاس و مینى پاس ) نادرێ کاربکەن
پێنجەم / دەربارەى نۆرینگە پزیشکییەکان بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستی راپەرین و و سەندیکاى پزیشکانى راپەرین هەماهەنگیی بۆ کردنەوە و رێکخستنەوەى کردنەوەیان دەکەن
شەشەم / مەیدانەکان و هەفتەبازاڕەکان لەم قۆناغەدا هەر بەداخراویی دەهێڵرێنەوە و بوارى کردنەوەیان نادرێت
حەوتەم / بڕیاى قەدەغەى هاتووچۆى نێوان شارەکان هەر جێگیرە و هێزە ئەمتییەکان رێکارەکانى پێویست بۆئەم مەبەستە دەگرنەبەر
هەشتەم / قائمقامییەت و سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان میکانیزمى پێویست بۆ ئاسایی کردنەوەى بارودۆخ و ژیانى خەڵک دەگرنەبەر و خۆیان سەرپشکن لەم کارەدا