په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ يادى رۆژنامه‌گه‌ريى كورديدا

بە بۆنەی سەد و بیست و دووەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، به‌ بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و  ساڵڕۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان په‌یامێكی  پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

بە بۆنەی سەد و بیست و دووەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان ـ ی میر میقداد بەدرخانی ره‌وانشاده‌وه‌ كە هاوكاتە لەگەڵ بیست و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و پێشكەوتن بۆ سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و سەندیكاكەیان دەخوازم.

ئەم ساڵ كە ئەو یادە دەكەینەوە، كوردستان و جیهان لەبەردەم هەڕەشەی پەتای كۆرۆنا و دۆخێكی نالەباردایە، رۆڵی ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاريی تەندروستی و خۆپارێزی لەو پەتایە و هاندانی هاووڵاتیان بۆ پابەندی بە ڕێنماییيەكانه‌وه‌، رۆڵێكی كاریگەر و بەرچاو بوو، بە ڕێزەوە دەینرخێنین، ئومێدەوارین هەرچی زووترە ئەو بەڵایە لە یەخەی مرۆڤایەتی ببێتەوە و ژیان لە كوردستان و جیهان ئاسایی بێتەوە.

لەم یادەدا وەك هەمیشە پشتیوانيی خۆمان بۆ رۆژنامەنووسان و ئازادیی كاری ڕۆژنامەگەری دووپات دەكەینەوە، لە ڕۆژنامەنووسانیش چاوەڕوانین هەمووان بەرپرسیارانە و پیشەیيیانە، مامەڵە لەگەڵ پرس و بابەتەكان بكەن، هەمیشە ئەو بڵندگۆیە بن كە هۆشیاری و زانیاريی راست و دروست و هاوسەنگ دەگوازنەوە و پاراستنی ئاشتەوایيی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگيريى سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو دەگرن.

سڵاو لە یادی رۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو رۆژنامەنووسە پێشەنگانەی ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامه‌گەریی كوردستان تەرخان كرد.

پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامەنووسان دەكەم، هيوادارم ساڵی داهاتوو لە دۆخێكی لەبار و ئاسوودەدا یادی ئەم رۆژە و بۆنەكانی دیكە بكەینەوە.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

21/4/2020