بەھۆی ئاھەنگێكی ھاوسەرگیری ناوچەیەك بە تەواوی كەرەنتین كرا
ئاماری تووشبووان لە عێراق زیاد دەكات
K24 - ھەولێر
بەهۆی بەشداریکردنی تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاهەنگێکی ھاوسەرگیری، ناوچەی بەنی سەعد لە باشووری پارێزگای سەڵاحەدین بە تەواوی کەرەنتین کرا.
شانەی قەیران لە پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، بەهۆی بەشداریکردنی تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوەدا، ناوچەی بەنی سەعد لە باشووری پارێزگاکە بە تەواوی کەرەنتین کرا، هاوکات خوێندکارێکی قەزای بەلەد لە هەمان پارێزگا، کە لە رووسیا گەڕابووەوە تووشی ڤایرۆسەکە بووە.
لە پارێزگای بابلیش، شەش حاڵەتی دیکە تۆمارکران و کۆی ژمارەی تووشبووان لەو پارێزگایە گەیشتە، 34 کەس.
لە دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراقیشدا، تۆمارکردنی 31 حاڵەتی دیکە و گیان لەدەستدانی سێ کەس و چاکبوونەوەی 33 تووشبوو راگەیەنراوە، کۆی ژمارەی تووشبووانیش گەیشتووەتە، هەزار و 708 کەس و گیان لەدەستدان 86، و چاکبوونەوە هەزار 204 کەس.