وردەکاریی زیاتر لەسەر ئەو چهكداره داعشەی کچه ئێزیدییەکەی کوشت
رێكخراوی داعش دایك و كچه ئێزیدییهكهی وهك دیاری پێ بهخشیبوو
K24- ههولێر:
ئەو چهكداره داعشەی کچه ئێزیدییەکەی لەبەر هەتاوی 50 پلەی سیلیزی بەستەوه تا له تێنوێتی گیانی لەدەست دا، رۆژی هەینی له کاتی هاتنی بۆ ناوی هۆڵی دادگای فرانکفۆرت له ئەڵمانیا دەموچاوی شاردبووهوه.
بەرپرسانی ئەڵمانیا ناوی ئەو چهكدارهیان ئاشکرا نەکرد، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئەلعەرەبییه به "ئەبوو مەعاویه" بەناوبانگه و ناوی تەواوی تەها ئەلجومەیلی یه و دانیشتووی شاری فەللووجەی پارێزگای ئەنباره و تەمەنی 37 ساڵه.
ئەو چهكداره که له ساڵی 2013 چووەته ریزی رێکخراوی داعش، رۆڵێکی بەرچاوی لەناو رێکخراوەکه هەبووه.
تەها ئەلجومەیلی دوای ئەوەی رۆڵێکی بەرچاوی له شەڕی دژی سوپای عێراق گێڕا، پێگەیەکی بەرزی پێدرا و رێکخراوی داعش ئافرەتێکی ئەڵمانیی به ناوی جێنیفەر فینیش به دیاری پێبەخشی.
هەروەها رێکخراوەکه له ساڵی 2015 دایك و کچێکی ئێزیدیی وەك کرێکاری ماڵ به داعشەکه بەخشی.
دوای ئازادکردنی فەللووجه لەلایەن سوپای عێراقهوه، تەها جومەیلی و ژنه ئەڵمانییەکەی بەرەو تورکیا رایانکرد و جێنیفەر لەوێوه گەڕایهوه ئەڵمانیا و لەوێ دەستگیرکرا.
دوای ئەوەی جێنیفەر دانی به تاوانەکانی خۆی و مێردەکەیدا نا، له کاتی چوونی جومەیلی بۆ یۆنان لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوه ئەویش دەستگیرکرا و به تۆمەتی کوشتن و جینۆساید رادەستی ئەڵمانیا کرا.
سەبارەت بەو دایك و کچه ئێزیدییه (نوور و رانیه)، رۆژنامەنووسی ئێزیدی سامان داوود به ئەلعەرەبییەی راگەیاند، جومەیلی بەردەوام ئەشکەنجەی نوور و رانیەی دەدا و به چەندین کاتژمێر لەبەر هەتاوی هاوین دەیبەستنەوه بێ ئەوەی ئاویان پێبدات، ئەمه جگه له لێدانی بەردەوام.
سەبارەت به هۆکاری ئەو بەستنەوەی رانیه که بووه هۆی گیان لەدەستدانی، سامان داوود دەڵێت: شەوێکیان رانیه بەهۆی تەڕ بوونی جێگەکەی دەست به گریان دەکات و ئەمەش وادەکات جومەیلی لەخەو هەستێت و تووڕه دەبێت و بەیانییەکەی رانیەی له پەنجەرەیەکی حەوشە و لەبەر هەتاو دەبەستێتەوه و لێیدەگەڕێت تاکو لەبەر هەتاو له تێنوێتیان گیان لەدەست بدات و دایکیشی ئەشکەنجه دەدات و وای لێدەکات به پێخاوسی لەبەر هەتاو ئەوەنده بڕوات، تاکو هەردوو بەری پێی دەسووتێت.
له هەمان کاتدا ژنه ئەڵمانییەکەی داعش چاوی لەو ئەشکەنجەی بوو، بێ ئەوەی خۆیان تێبگەیەنیت.
سامان داوود ئاشکراشی کرد، چهكداره داعشەکه له 16ی ئایاری 2019 له یۆنان دەستگیر کراوه و له 9ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ رادەستی ئەڵمانیا کرا.
هەروەها موراد ئیسماعیل بەڕێوەبەری رێکخراوی "یەزدا"ی تایبەت به ئێزیدییەکان روونی کردەوه، نوور و کچەکەی که ئەوکات تەمەنی سێ ساڵ و نیو بوو، له مانگی ئابی ساڵی 2014 له کاتی داگیر کردنی شەنگال لەلایەن چهكدارانی داعش، لەگەڵ هەزاران ئێزیدیی دیکه دەستگیرکرا.
وەك نوور دەڵێت: له ماوەی مانەوەی لای چهكدارانی ئهو رێكخراوه، چەندین جار به خراپترین شێوه ئەشکەنجه دراوه و ئێستاش له دادگاییكردنی جومەیلی وەك شایەت ئامادەیه، بەڵام بەپێی یاسای ئەڵمانیا هیچ کەس رێگەپێدراو نییه لەگەڵ نوور قسە بکات یان چاوی پێبکەوێت.
سەبارەت به باوکی رانیه، هەر له کاتی داگیرکردنی شەنگال لەلایەن چهكدارانی داعشەوه کوژراوه.
H.B