سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: بڕینی مووچەی فەرمانبەران کارێکی سیاسییە
"بەغدا هیچ بیانوویەکی بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نییە"
K24 – ههولێر:
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، کێشەی نەناردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێم پرسێکی سیاسییە نەک یاسایی.
دەشڵێت، بەگوێرەی بنەماکانی بودجەی عێراق، ناردنی پارەکە کێشەی تێدا نییە، بەڵکو ئێستا ماددەی 27ی چادوێری دارایی عێراق باس دەکەن، کە بەگوێرەی ئەو ماددەیەش، باس لە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم نەکراوە، بەڵکو تیایدا هاتووە، دەبێت هەردوولا لەبارەی خەرجییەکانیان کۆببنەوە و لەسەر ئەو بنەمایە بودجە دابنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەفتەیە شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووبارە سەردانی بەغدا دەکاتەوە.
د. ڤیان سەبری گووتی، بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کارێکی سیاسییە و دژی بنەماکانی دەستوورە. ئەوان ماددەی 27ـیان کردووەتە بیانو کە ئەو ماددەیە باس لە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم ناکات.