ئەندامێکی پێشوویی سەرکردایەتی یەکێتی: هه‌ر لایەنێكی كوردی دەستی له‌ بڕینی بودجەی هەرێم هەبێ حەقە شار بەدەر بکرێ

"نابێت خه‌ڵكی كوردستان ئه‌مه‌ قبووڵ بكات"

K24- سلێمانی:

هەر کەس و لایەن و پەرلەمانتارێك لە بەغدا کاری بۆ بڕینی قوت و مووچە و ئیمتیازاتی هەرێمی کوردستان کردبێ، مافی ژیانی لەهەرێمی کوردستان نیە و حەقە خەڵکی کوردستان لێیان قبوڵ نەکات.

محمد وەتمان، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ کوردستان ٢٤ ی راگەیاند، لە رابردوودا کورد زیاتر لە نەیار و دوژمنەکانی، زەرەرمەندی گەورەی ناتەبایی ناوماڵ و دەستی ناوخۆیی خۆی بووە، بەجۆرێك ئەوەندەی لە ناوخۆ زەبری بەرکەوتووە تورك و عەرەب و فارس زەبریان لێ نەداوە.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پێشووی یەکێتی جەختی کردەوە، ئێستا بەهۆی بڕینی بودجە پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا باش نیە، من لەگەڵ ئەوەم ناکۆکیەکان بەپێی دەستور چارەسەر بکرێن.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر لایەنێك یان پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا دەستیان لەهاندانی حکومەتی عێراقی و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان هەبێ، حەقە شار بەدەر بکرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، با لیژنەیەك پێك بهێنرێ و لە راستی و دروستی ئەو هەوڵانە بکۆڵێتەوە، ئاخۆ بە راستی کەس و لایەن و پەرلەمانتاری کورد لەبەغدا هەوڵی لەو شێوەیان داوە؟ ئەگەر راست بوو، حەقە خەڵکی کوردستان لێیان راپەڕێ و رێگە نەدەن بێنەوە کوردستان و با لە بەغدا بژین.

H.B