لە ھەولێر ئەنجامی 400 پشكنینی كۆرۆنا ئاشكرا كرا

زانیاری لەبارەی تووشبووانی نوێی ھەولێر دەخرێتەڕوو

K24 - ھەولێر

دوای تۆمار كردنی چەند حاڵەتێكی دیكەی كۆرۆنا لە ھەولێر، پشكنین بۆ 400 كەسی دانیشتووی كەمپەكانی قوشتەپە و دارەشەكران كراوە، ئەمڕۆ ئەنجامەكەی راگەیەندرا و سەرجەم پشكنینەكان نێگەتیڤ دەرچوون.

سەرھەنگ جەلال، بەڕێوەبەری خۆپارێزی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەم چەند رۆژە چەند حاڵەتێكی نوێی كۆرۆنا لە ھەولێر تۆماركراون، یەكێك لە كەسە تووشبووەكان، دانیشتووی كەمپی دارەشەكرانە و لە كارگەیەك لە بەحركە كاردەكات، دوای ئەوەی كارئاسانی كرا، ھاتووەتە كارگەكە، بەڵام بەر لەوەی بچێتە ژوورەوە پشكنینی بۆ كراوە و دەركەوتووە كە ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە، دوای ئەوە پشكنین بۆ 200 كەسی دانیشتووی كەمپی دارەشەكران كراوە، خۆشبەختانە پشكنینەكان نێگەتڤ بوون و ھیچ حاڵەتێكی دیكە تۆمار نەكراوە".

گوتیشی: "كەسێكی دیكە لە ھەمان كارگە ئیش دەكات و ژمێریارییە، ئێستا بەدواداچوون بۆ بەركەوتەكانی ئەو دەكەین و كەسوكارەكەشی براونەتە نەخۆشخانە و پشكنینیان بۆ كراوە".

سەرھەنگ جەلال، ئاماژەی بەوەشكرد: "تووشبووێكی دیكە دانیشتووی تەلار سیتی بوو، ئەو كەسە خۆی نەساغ بووە و ھاتووەتە نەخۆشخانە، لەوێ پشكنینی بۆ كراوە و زانراوە كە تووشی كۆرۆنا بووە، دوای پشكنین بۆ ئە ندامانی خێزانەكەیان دەركەوت كە ھاوسەر و كوڕێك و دوو كچی ھەڵگری ڤایرۆسەكەن. لە بەدواداچوونەكانمان بۆمان دەركەوتووە ئەو كەسە سەردانی قەزای سۆرانی كردووە، بۆیە لەگەڵ تەندروستی سۆران قسەمان كردووە، بۆ ئەوەی پشكنین بۆ بەركەوتووەكانی بكرێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "یەكێك لە تووشبووەكانی كارگەكە دانیشتووی قوشتەپە و پشكنینمان بۆ خێزانەكەی و 200 كەسی دیكەی كرد ھەموویان نێگەتیڤ دەرچوون".