حکومەتی هەرێم پەیامێکی بەڵگەئامێز ئاراستەی بەغدا دەکات
حکومەتی هەرێم داتاکان بڵاودەکاتەوە
K24 – ههولێر:
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەڵگە ئامێز بۆ ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنێرێت.
دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی دە خاڵی بۆ ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ناردووە کە تیایدا، بیانووی یاسایی هێندراوەتەوە کە دەیسەلمێنێت، نابێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت، بەو پێیەی ئەوانیش بەشێکن لە فەرمانبەرانی عێراق.
لە پەیامەکەدا هاتووە؛ دەستوور زامنی مافی هاوبەشی کردنە وەک بنەمایەک بۆ دامەزراندنی سیستمی ئیتیحادی بۆ هەرێمەکان و پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان و دەبێ دەسەڵاتدارانی عێراق لەسەر ئەم بنەمایە کار بکەن.
دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم روونیکردووەتەوە؛ بەغدا لە سێ مانگی ساڵی 2020 هیچ شاییستەیەکی دارایی بۆ هەولێر نەناردووە، ئەمە جیا لە قەرەبووی فەرمانبەران کە دەگاتە 452 ملیار دینار و لەلایەن ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەنایاسایی راگیراوە.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە، حکوومەتی عێراق لە شوباتی ساڵی 2014 تا ساڵی 2019 هیچ شاییستەیەکی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەیان بەڵگەی تاوانەکانی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقی لە ساڵی 1963 تا 2003 لە دژی گەلی کوردستان هاوپێچ کردووە و کۆی زیانەکان دەگاتە زیاتر لە 384 ملیار دۆلار.
بۆ بینینی نامەکەی حکومەتی هەرێم، کلیک بکە