چارەنووسی کابینەکەی کازمی یەكلادەبێتەوە
ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكومەت كۆدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
هەرچەندە بەگوێرەی دەستووری عێراق، دەبێت 48 کاتژمێر پێش دانیشتنی متمانەدان بە حکومەتی نوێ، ناوی وەزیرەکان رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام تا ئێستا مستەفا کازمی ناوی ئەندامانی کابینەکەی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نەناردووە، لەکاتێکدا بڕیارە ئەمشەو دەنگ لەسەر کابینەکە بدرێت. هاوکات گۆڕانکاری لە هەندێک ناوی کاندیدی وەزارەتەکان کراوە.
ئەمشەو چارەنووسی کابینەکەی مستەفا کازمی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەکلادەبێتەوە، هەرچەندە هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، بە زۆرینە متمانەی پێبدرێت، بەڵام ناکۆکی لەسەر هەندێک وەزارەت ماوە و ترس هەیە لەوەی لە دوا ساتدا بەشێک لە کوتلە سیاسییەکان، هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن.
لەم چوارچێوەیەدا محەمەد غەببان، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح جەختیکردەوە، هاوپەیمانێتییەکەیان بە یەکگرتوویی هەڵوێستی لەبارەی حکومەتەکەی مستەفا کازمی دەبێت و ئەو هەواڵانەشی رەتکردەوە، گوایە، 10 پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتییەکە، لە دەرەوەی هاوپەیمانی فەتح، هەڵویستییان هەبێت، بەڵام ئاماژەی بەوەدا جیاوازی بیروبۆچوون، لەنێوان لایەنەکانی نێو هاوپەیمانییەکەدا هەیە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا مستەفا کازمی ناوی ئەندامانی کابینەکەی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نەناردووە و بەگوێرەی دەستوور، دەبێت 48 کاتژمێر پێش دانیشتنی متمانەدان بە حکومەتی نوێ، ناوی وەزیرەکان رەوانەی پەرلەمان بکرێن.
سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقیش ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، گۆڕانكاری لە هەندێک ناوی كاندیدی وەزارەتەكان کراوە، كاندیدی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی گۆڕدراوە و نزار خەیروڵڵا بریكاری ئێستای وەزارەتەکە، بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە دیاریکراوە، هەروەها رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی جومعە عیناد فەرماندەی هێزی زەمینی بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری و عوسمان غانمی سوپاسالاری ئێستا، بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ كراوە.