داعش لە چەند قۆڵێكەوە ھێرشی كردە سەر ھێزەكانی عێراق

نزیكەی 10 چەكداری حەشد و سەرباز كوژران و برینداربوون

K24 - ھەولێر

لە دوو ھێرشی داعش بۆ سەر ھێزەكانی عێراق پۆلیسێك و چوار چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی داعش بۆ سەر بازگەیەک لە نزیک قەزای دوجەیل، پۆلیسێک کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.

لە هێرشێکی دیکەشدا لە گوندی مەیتە لە نزیک عوزێم لە باکووری دیالە، چوار چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و شەشی دیکەش برینداربوون.

فڕۆکەکانی هاوپەیمانانی نێوده‌وڵه‌تیش، بۆردوومانی ئەشکەوتێکیان لە باشووری حەزەر لە پارێزگای نەینەوا کرد و بەگوێرەی زانیارییەکان، حەوت چەکداری داعش کوژران.