رووماڵ

پێشمەرگە دێرینەکان: دەنگ بە بەرگریکارانی خاک و خەڵکی کوردستان بدەن

عەونی شکاک، پێشمەرگەی دێرین
عەونی شکاک، پێشمەرگەی دێرین

پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان داوا دەکەن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکانی کە بە هەوڵ و ماندووبوونی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان بە دەست هاتوون، هەموو لایەک هەوڵ بدەن دەنگ بەو لایەنە بدەن کە پارێزەری ئەو دەسکەوتانە بێت.

عیزەت ئیسماعیل، پێشمەرگەی خانەنشین بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "من تەمەنی خۆم لە پێشمەرگایەتی دانا، لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تاوەکو ئێستا بێ دابڕان پێشمەرگە بووم، ئەگەر سەیر بکەین هەموو شوێنەکانی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاریان پێ گەیشتووە".

عەونی شکاک، پێشمەرگەیەکی دێرینە، لە حەفتاکانەوە ژیانی خۆی بۆ خزمەت بە خاکی کوردستان تەرخان کردووە، ئێستاش کە قسە دەکات هەمان هەستی سەردەمی شاخ و خۆشەویستی بۆ کوردستانی هەیە، لە شۆرشدا چەندین جار بریندار بووە، بەڵام ورەی هەر بەرزبووە و ئێستاش  پێشمەرگە بە خاوەنی هەموو دەسکەوتەکانی کوردستان دەزانێت. 

عەونی شکاک جەوهەر، پێشمەرگەی خانەنشین دەڵێت: داوا لە میللەتی کورد دەکەم ئەو قەوارەیە بپارێزن و لەدەستی نەدەن، چونکە ئەو دەستکەوتانە بەئاسانی بەدەست نەهاتوون، هەزاران کەس خوێنی خۆیان لەسەر ئەو خاکە ڕشت؛ داوا لە هەموو خەڵکی دەکەم پێکەوە بچنە سەر سندووقی دەنگدان. گوتیشی: کێ بەرگریی لە خاک و خەڵکی کوردستان دەکات دەنگی خۆیان بەو بدەن. داوا دەکەم دەنگی خۆیان بەوانە نەدەن کە خاکیان فرۆشتووە. 

سەرکەوتن، دەسکەوت، خۆڕاگری وشانازییەکانی پێشمەرگەیە کە ئاوەدانی و ئارامی بۆ کوردستان دەستەبەر کردووە، بۆیە ئەو پێشمەرگانەی بەشی زۆری تەمەنیان بۆ پاراستنی خاکی کوردستان بەڕێ کرد، داوا دەکەن هاووڵاتیان دەنگ بە لایەنێک بدەن کە پارێزەری خوێنی شەهیدان و قەوارەی هەرێمی کوردستانە.