سوپای ئیسرائیل، لە باکووری کەرتی غەززە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی دەست پێ کرد

سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ باکووری کەرتی غەززە ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو دوای وەرگرتنی زانیاری و هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە هێزەکانی تیپی 162، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ناوچەی جەبەلیە کرد، کە ئاماژەی بوونی چەکداری حەماس لە ناوچەکە هەبووە.
ئاماژەی بەوەش کرد "تیمەکانی شەڕکەری لیواکانی 401 و 460 ناوچەکەیان تەواو گەمارۆ داوە و هێزەکان بەردەوامن لە پێشڕەوی".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پێش دەست پێ کردنی ئۆپەراسیۆنەکە، هێزی ئاسمانی بۆ پاڵپشتیی هێزەکانی زەمینییەکانی ئیسرائیل، هێرشیان کردووەتە سەر دەیان پێگەی سەربازی حەماس، وەک کۆگاکانی چەک و ژێر زەمینەکان".
سوپای ئیسرائیل دووپاتیشی کردەوە "ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی پێویست بەردەوام دەبێت، بە لێدانی سیستماتیک و لەناوبردنی ڕیشەیی سەربازەکانی حەماس".
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل نەخشەیەکی نوێی چۆڵکردنی بۆ دانیشتوانی باکووری کەرتی غەززە بڵاو کردەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە ناوچەی باکووری کەرتی غەززە هێشتا بە ناوچەیەکی شەڕی مەترسیدار دادەنرێت.
ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.