ئاماری قوربانی و وێرانکارییەکانی شەڕی غەززە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک
ساڵێک بەسەر هێرشی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تێ دەپەڕێت کە یەکێکە لەو جەنگانەی لە مێژوودا کوشندەترین و وێرانکەرترین ئەنجامی هەبووە و زیاتر لە 42 هەزار کەسی تیادا کوژراوە، کە زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵن.
دەستپێکی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل
بەیانیی ڕۆژی شەممە، 07-10-2023، کەتائیبەکانی عیززەددین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئاسمانی، وشکانی و دەریاییان بە ناوی "تۆفانی ئەقسا" کردە سەر چەندان شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی ئیسرائیلیی لەسەر سنووری غەززە.
چەکدارانی قەسام لە ڕێگەی تەقاندنەوەی بەربەستە سنوورییکان، هێزی دەریایی و پەرەشوتەکانەوە، دزەیان کردە نێو شوێنەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی. هاوکات لەگەڵ هێرشەکە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی کورت و درێژمەدوا، ئاراستەی ئیسرائیل کران.
محەممەد زەیف، سەرۆک ئەرکانی کەتائیبەکانی عیززەددین قەسام دوای دەستپێکی هێرشەکە، نامەیەکی دەنگی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "ئامانج لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە، کۆتاییهێنانە بە دوایین داگیرکاری لەسەر ڕووی زەوی" و داوای لە فەڵەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا و ناوچەکانی دیکە کرد، بە هەر جۆرێک بێت بەشداریی شەڕەکە بکەن.
لەلایەکی دیکەوە ساڵح عارووری، جێگری ئەو کاتی مەکتەبی سیاسیی حەماس ڕایگەیاند: "موجاهیدەکانی کەرتی غەززە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی سەربازییان بە ئامانجی بەرگریی لە مزگەوتی ئەقسا و ئازادکردنی زیندانیان دەست پێ کردووە و وەکوو وەڵامێکە بۆ تاوانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل".
کوژرانی هاووڵاتییانی ئیسرائیل و دەستپێکی جەنگێکی نوێ
لە هێرشەکەی 07ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل؛ چەکدارانی قەسام زیاتر لە 1205 هاووڵاتیی سڤیل و سەربازی ئیسرائیلییان کوشت و زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی سڤیل و سەربازی دیکەشیان بریندار کرد. ئەو چەکدارانە، هەر لە هێرشەکەیاندا، 251 هاووڵاتیی ئیسرائیل و بیانیی دانیشتووی ئەو وڵاتەیان، وەکوو بارمتە دەستگیرکردن و بۆ نێو تونێلەکانی کەرتی غەززە گواستنەوە.
دوای ئەو ڕووداوانە، سوپای ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی پەلەی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "وڵاتەکەمان لە جەنگدایە و لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ درا؛ سوپا داوای لە هاووڵاتییانی سڤیل کرد بچنە نێو پەناگەکانی ژێر زەوی، بۆ ئەوەی لەلایەن چەکدارەکانی قەسامەوە نەکوژرێن".
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە یەکەمین لێدوانی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی هێرشەکەی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023 ڕایگەیاند: "حەماس جەنگێکی بەرفراوانی لە دژی ئیسرائیل بەرپاکردووە". بینامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانیش گوتی: "ئێمە لە جەنگداین و سەردەکەوین". سەرۆکی وڵاتەکەش ڕایگەیاند: "ئیسرائیل بە بارودۆخێکی ناهەمواردا تێ دەپەڕێت".
وەڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشی "تۆفانی ئەقسا"ـی حەماس
لە هەمان ڕۆژی هێرشەکەی تۆفانی ئەقسا، سوپای ئیسرائیل بە چڕی پێگە سەربازییەکانی کەتائیبەکانی عیززەددین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی لە ڕێگەی دەیان هێرشی ئاسمانییەوە بۆمباران کرد وەکوو تۆڵەکردنەوەیەک بۆ کوژرانی هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چەند ڕۆژێک دوای هێرشەکەی 07ـی ئۆکتۆبەر، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە هاووڵاتییانی سڤیلی دانیشتووی باشووری غەززە کرد، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بەرەو ناوچەکانی دیکەی کەرتەکە بکەن، چونکە هێرشی زەمینی دژی چەکدارانی قەسام دەست پێ دەکەن.
دوای پەیامەکەی ناتانیاهۆ، سەدان هەزار هاووڵاتیی فەڵەستینی لە باشووری غەززە بەرەو ناوچەکانی دیکەی کەرتەکە ئاوارە بوون و تاوەکوو ئێستا سەدان هەزار هاووڵاتیی غەززە لەنێو کەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن. بەهۆی گەمارۆی سەر کەرتەکە، ئاوارەکان، تووشی بەدخۆراکی بوون و زۆر بە زەحمەت خواردن و خواردنەوەیان دەست دەکەوێت. بەشێکی وڵاتان جار بە جار لە ڕێگەی ئاسمانییەوە، خواردنیان بۆ فڕێ دەدەنە خوارەوە.
هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە
ڕۆژی 27-10-2023، هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی هێزی ئاسمانی دەستی پێ کرد. ئامانج لە هێرشەکە لەنێوبردنی یەکجارەکی حەماس و توانا سەربازییەکانی بوو.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە 41 هەزار و 870 هاووڵاتیی سڤیل لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارەکانی قەسام، کوژراون و زیاتر لە 97 هەزار هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیل لە ساڵیادی ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بڵاوی کردووەتەوە: "لە یەک ساڵدا 40 هەزار پێگەی حەماسیان لە کەرتی غەززە بۆمباران کردووە، لەگەڵ وێرانکردنی 4700 تونێل لە ناوبردنی زیاتر لە هەزار سەکۆی هەڵدانی مووشەک".
سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە: "لەماوەی ساڵی شەڕدا 726 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون، چەند هەزارێکیشیان برینداربوون. هەروەها 300 هەزار سەربازی نوێ پەیوەندییان بە ڕیزەکانی سوپاوە کردووە".
وێرانبوونی کەرتی غەززە بەهۆی شەڕەوە
بە گوێرەی دوا خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مانگی تەممووزی ئەم ساڵ بڵاو کراوەتەوە، لانیکەم 60%ی باڵەخانە و یەکەکانی نیشتەجێبووەکانی کەرتی غەززە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە وێران بوون، کە ژمارەیان دەکاتە 215 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون.
هەروەها وێرانکارییەکان بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی زیاتر لە 40 ملیۆن تۆن دار و بەرد و پاشماوە، کە ڕاماڵین و پاککردنەوەیان نزیکەی 40 ساڵ دەخایەنێت و تێچووەکەشی بە 650 ملیۆن دۆلاری خەمڵێنراوە.