رووماڵ

غەززە.. ساڵێک لە شەڕ و وێرانکاری

کەرتی غەززە
کەرتی غەززە

ساڵێک بەسەر شەڕی غەززە تێپەڕی، لەم شەڕەدا، تا ئەمڕۆ نزیکەی 41 هەزار کەسی سڤیل  کوژران، زیاتر لە 100 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوونە، ئەمە جگە لەئاوارەبوونی ملیۆنان کەس.

خەڵکی غەززە لەماڵەکانیان دەرکران و چوونەتە ژێر خیوەتی ئاوارەییەوە، بەڵام هێشتا هیوایان لەدەست نەداوە و بە ئاواتەوەن ڕۆژێک بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان.

ساڵێک بەسەر دەستپێکی شەڕی غەززە تێپەڕی، شەڕەکە هێشتا بەردەوامە، دانیشتووانی غەززە لەژێر داروپەردووی وێرانەدا دەژین، لەناو داروپەردووەکاندا هاوار و قیژەی منداڵ، ناڵەناڵی ئافرەتان و خەمی بەتەمەنەکان دەبیسترێن، هەموو ئەمانە پەیام بۆ جیهان دەنێرن، وەبیری جیهانی دەهێننەوە ئەم شەڕي یەکێکە لە خراپترین تاوانەکانی کۆمەڵکوژی کە لەوێ دەگوزەرێت.

محەممەد ئەبو جیاب، شرۆڤەکاری سیاسی لە غەززە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئێمە پێ دەنێینە ساڵی دووەمی ئەو وێرانکارییە، بەدڵنیاییەوە هەمو ڕۆژێک و چاو تروکانێک هێرشەکان لە زیادبووندان و هەموو کەرتەکان وێرانکراون".

زەوی غەززە وێرانە، ئاسمانەکەی بە گولە و ئاگری ئیسرائیل تەنراوە، غەززە بووە بە زیندانێکی گەورە، هەزاران کەسی برسیی تێدایە، هەزاران کەسی نەخۆش و نیوە مردووی تێدایە. خەونی ئەوانەی کە خیوەتە دڕاوەکاندا دەژین، گەڕانەوەیە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان.

فاتیمە خالید، هاووڵاتیەکی غەززەیەو دەڵێت: "ژیانمان وڵاتمان هەمووی وێران بوو و هیچمان نەما، کێ دێت وڵاتمان بۆ ئاوەدان دەکاتەوە". 

ساڵێک لەتێپەڕبوونی شەڕ، تەنها کاریگەری وێرانکەری لەسەر ڕۆحی خەڵکی ‌غەززە نەبووە کە نزیکەی 41 هەزار کەسیان لێ کوژرا، نزیکەی 100 هەزاریشیان لێ بریندار بووە، بەڵکو شەڕ گەیشتە قوتابخانە و نەخۆشخانەکانیش، گەیشتە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنیش، ئەمانە هەموویان چوونە چوارچێوەی ئامانجەکانی ئیسیرائیلەوە.

عەبدولحەمید غوتی، کارمەندی فریاگوزاری دەڵێت: "لەسەرتای شەڕی دوژمن، تیمەکانی ئەمبوڵانسەکانمان ڕاستەوخۆ هێرشیان کراوەتە سەر. لەم شەڕەدا دەیان ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس کارمەندانی فریاکەوتنمان لەدەست داوە.

غەززە، خراپترین ساڵی بەسەر برد، ئیسرائیل شەڕێکی فرەلایەنەی دژیان هەڵگیرساند، خەڵکی ناچار بە ئاوارەبوون کرد، ئازاری لەدەستدانی خۆشەویستەکانیان بینی، بەڵام ئەم قوربانیدانە وای لەخەڵک نەکردوو پشتییوانییەکانیان بۆ فەڵەستین لەدەست بدەن چونکە ئەوان خوێنی خۆیان لەسەر ئەو خاکە وەک سووتەمەنی ئازادی دەبینن.