کازمی داوایەك لە لایەنەکان دەکات

بۆ تێپەڕاندنی ئاسته‌نگه‌كان داوای ھاوكاری دەكات

K24 - ھەولێر

مستەفا کازمی داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، لە تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەتەکەی هاوکاری بکەن.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، لە تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەتەکەی هاوکاری بکەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هاتووەتە سەر خەزێنەیەکی بەتاڵ و ئاستەنگی زۆری لە بەردەمدایە و پێویستە هەموو لایەک هاوکاربن بۆ تێپەڕاندنی ئاسته‌نگه‌كان.

ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانەکانیشەوە گوتی "بەپێی دەستوور مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌، پارێزراوە".

پەیوەست بەم پرسە، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیرون پێشبینی دەكات، تەواوكردنی كابینە وزارییه‌كه‌ی مستەفا كازمی بۆ دوای جەژنی رەمەزان دوا بكەوێت.

عەباس علێوی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی سائیرون ئاشکرای کرد، چاوەڕوان دەكرێت پرۆسەی تەواوكردنی پێكهاتەی حکومەتی نوێ، بۆ دوای پشووی جەژن دوابخرێت، ئەمەش بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و رێکنەکەوتنی لایەنەکان، لەسەر ناوی کاندیدی وەزارەتەکان.

پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی سائیرون، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێش جەژن ئەنجوومەنی نوێنەران، هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام نادات.